هێرشی فراوانی پێشمەرگە لە رۆژئاوای موسڵ دەستیپێكرد

 هێرشی فراوانی پێشمەرگە لە رۆژئاوای موسڵ دەستیپێكرد
ئۆپەراسیۆنی فراوانی هێزی پێشمەرگە لە رۆژئاوای موسڵەوە دەستیپێكرد بەمەبەستی هاوكاریكردنی سوپای عێراق لە گرتنەوەی شارەكە.

بەپێی زانیارییەكانی رووداو فڕۆكە جەنگییەكان ناوچەكە بە خەستی بۆردومان دەكەن و هێزەكانی پێشمەرگەش پێشڕەوی دەكەن. هەروەها پێشمەرگە بە چەكی قورس بنكەكانی داعش بۆردوومان دەكات.

هێزەکانی پێشمەرگە توانیویانە سێ گوند کۆنترۆڵ بکەن و تەرمی شەش چەکداری داعش-یش کەوتووەتە دەست پێشمەرگە و چەکدارێکیش دەستگیرکراوە.

پێشتر بەرپرسانی عێراق و ئەمریكا وایاندانابوو، لە بەهاری 2015 بتوانن دەست بە هێرشەكە بكەن، بەڵام پێدەچێت پەلە كرابێت لە هێرشەكە. بەرپرسانی ئەمریكا گوتوویانە، گرتنەوەی موسڵ قورسە و شەڕەكە دەبێتە شەڕی كۆڵان بە كۆڵان، هاوشێوەی شەڕی گرتنەوەی فەللوجە لە ساڵی 2004.

جەنەڕال لوید ئوستن، كە پێشتر لە موسڵ لە ریزی سوپای ئەمریكا خزمەتی سەبازی كردووە، لە لێدوانێكی پێشوویدا بۆ رۆژنامەی نیویۆرك تایمز دەڵێت: "خاكی موسڵ خاكێكی سەختە و دەبێت دڵنیابین لەوە توانای گرتنەوەی شارەكەمان هەیە و سەركەوتنمان مسۆگەرە".

مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر چیای شنگال مانگێك لەمەوبەر لە رۆژی 21-12-2014 رایگەیاند، كە پێشمەرگە ئامادەیە هاوكاریی سوپای عێراق بكات لە گرتنەوەی موسڵداو رەتیشیكردەوە پێشمەرجیان هەبێت. بارزانی گوتی "داعش لە هەر شوێنێك بێت لێیان دەدەین".









رووداو
Top