وەزارەتی پەروەردە 1070 مامۆستای دیکە دادەمەزرێنێت

 وەزارەتی پەروەردە 1070 مامۆستای دیکە دادەمەزرێنێت
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا وەزارەتی پەروەردە 1070 پلەی وەزیفی دیكە بۆ دامەزراندن بە پیشەی مامۆستا رابگەیێنێ‌، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەش دەڵێ:‌ "ئەو دەرچووانەی پێشتر فۆڕمیان پڕكردبووە‌وەو دەرنەچوون، دەتوانن دووبارە فۆڕم پڕبكەنەوە".

فاتیح مەولەوی زادە، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، دامەزراندنەكان بەشێوەی گرێبەست دەبێت‌ و لە چوارچێوەی ئەو 4000 پلە وەزیفییەدا دەبێت كە پێشتر راگەیێنرابوو، چونكە پێشتر 2930 مامۆستا دامەزرابوو ئێستاش 1070پلەی وەزیفی دیكە ماوە.

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە روونیشكردەوە كە هەموو دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان جگە لە توێژەرانی كۆمەڵایەتی ‌و دەروونی ‌و دەرچووانی زمانەكانی (توركی‌، فەڕەنسی ‌و فارسی) دەتوانن فۆڕمی دامەزراندن پڕبكەنەوەو "ئەو دەرچوقانەی پێشتر فۆڕمیان پڕكردبۆوە، بەڵام دەرنەچوون، دەتوانن دووبارە فۆڕم پڕبكەنەوە".

ناوبراو باسی لەوەشكرد گرێبەستی دامەزراندنەكان تا مانگی 9ی ئەمساڵ دەبێت بۆشی هەیە نوێ‌ نەكرێتەوە.






رووداو
Top