مۆڵەتی شۆفێریی و ساڵیانەی ئۆتۆمبێل دەگۆڕێت

مۆڵەتی شۆفێریی و ساڵیانەی ئۆتۆمبێل دەگۆڕێت
لیوا ڕزگار عەلی بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی هەرێم رایگەیاند، بڕیارە سەرجەم مۆڵەتی شۆفێریی و ساڵیانەی ئۆتۆمبێل بكرێنە ئەلیكترۆنی، گوتی:لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ وەزیری ناوخۆ كە لە گەڵ بەرپرسانی هاتووچۆی هەرێم سازی كرد بوو، باس لە دروست كردنی ناسنامەی ئەلیكترۆنی و ساڵیانە و مۆڵەتی شوفێری كرا وە و جەختكراوەتەوە كە ناسنامەی مۆڵەتی شوفێری و ساڵیانە بە شێوەیەكی نوێ و سەردەمیانە دروست بكرێت.

ملیۆنێك و 275 هەزار ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان هەیە، ملیۆنێك و 300 هەزار كەسیش مۆڵەتی شۆفێریان لە لایەن هاتووچۆی هەرێم پێدراوە.

لیوا ڕزگار لە بارەی وردەكاری پرسەكە ئەوەی خستەروو چەند رێوشوێنێك بۆ بە ئەلیكترۆنی كردنی مۆڵەتی شۆفێریی و ساڵیانە قسەیان لە بارەوەكراوە، بەڵام دوا بڕیاری لە بارەوە نەدراوە، گوتیشی: ئامانج لەو كارە كەمكردنەوەی رۆتین و ئاسانكاریە بۆ هاوڵاتیان بە تایبەت لە كاتی نوێكردنەوەی مۆڵەتی شۆفێریی و ساڵیانەدا، كە بڕیارەكەمان دەركرد شۆفێرانی لێ ئاگادار دەكەینەوە و لە هەموو هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت و چاوەورانیش دەكرێت رێنماییەكان پێدانی مۆڵەتی شۆفێریش چەند گۆرانكاریەك بەخۆیەوە ببینێت.



بەپێی رێنماییەكانی ئێستا مۆڵەتی شۆفێری دوای 5 ساڵ بەسەر دەچێت و لە كاتی نوێكردنەوەشیدا دەبێت شۆفێرەكە لەلایەن دادگا سزا نەدرابێت كە ڕێگر بێت لەشوفێریكردن، هەروەها پێویستە پشتگیری لیژنەی پزیشكی هەبێت كەلەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە ئەو لیژنەیە دیاری دەكرێت و بیسەلمێنێت كە لەرووی جەستیی وبینینەوە گونجاوە بۆ شوفێری كردن.

لیوا رزگار دووپاتی كردەوە دەستكاریەكی ئەوتۆی ئەو رێنماییانە ناكرێت.

بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆ روونیشكردەوە لە پێدانی مۆڵەتی شۆفێری جیاوازی لە نێوان هەولێر و سلێمانی ماوە " ئەو مۆڵەتەی لە هەولێر دەدرێت كە سیستەمی كۆریە لە سلێمانی و چەندین شوێنی تر نیە، ئەوە رێكدەخرێت و سەرەتاش بۆ ئەوە بڕیاری تازە بۆ مۆڵەتدانی نوسینگەكانی فێركردنی لێخورین و شۆفێریی دەردەكەین.

ڕزگار عەلی گوتیشی: رێنمایی تازە بۆ نوسینگەكانی فێركردنی لێخورین دەر دەكرێت و بەم نزیكانە رێنماییەكە دەردەچێت، ئەو رێنماییە تازانە چۆنیەتی وەرگرتنی كەسەكان و نرخەكان و كاركردن و فێركردنی شۆفێریی تێدایە.

بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی هەرێم ئاشكراشیكرد تابلۆی ئۆتۆمبێلە حكوومیەكان دەگۆڕدرێت و تابلۆی سەرجەم ئۆتۆمبێلەكانی هەرێمی كوردستانیش یەك دەخرێن و نوێ دەكرێنەوە.

لیوا رزگار جەخت دەكاتەوە لە رێگەی جێبەجێكردنی ئەو بڕیار و رێنماییانە مەبەستیانە رەوشی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان بە گشتی باشتر بكرێت بۆ ئەوەی قوربانی رووداوەكانی هاتووچۆ كەمتر بكرێنەوە.












باسنیوز
Top