تیرۆریستانی داعش دەستیان بە گواستنەوە و تاڵانكردنی پاڵاوگەی نەوتی كەسكێ كرد

 تیرۆریستانی داعش دەستیان بە گواستنەوە و تاڵانكردنی پاڵاوگەی نەوتی كەسكێ كرد
بەرپرسی ناوچەی وانكێی پارتیی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، تیرۆریستانی داعش لەو سنوورەدا تەواو شپرزە بوون و ئەمڕۆیش دەستیان بە گواستنەوە و تاڵانكردنی پاڵاوگەیەكی نەوتی لەو سنوورەدا كردووە.

بەرپرسی ناوچەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە وانكێ‌ (موسلیم قاسم نەجم) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "بە گوێرەی ئەو زانیارییەی لە سەرچاوەیەكی دروستەوە بە دەستم گەییشتووە، ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش هەڵساون بە گواستنەوە و تاڵانكردنی پاڵاوگەی كەسكێ‌ بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری گەورە لەگەڵ گشت كەڵوپەلەكانی ئەو پاڵاوگەیە بۆ ناوچەكانی دیكەی ژێر دەسەڵاتی خۆیان".
ئەو بەرپرسەی ناوچەی پارتی لە وانكێ‌ ئاماژەیشی دا، "تیرۆریستانی داعش لەو سنوورەدا تەواو شپرزە بوون، بە تایبەت دوای ئەو شكستە گەورەیەی لەسەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەكان لە سنووری زوممار و رەبیعە و شنگال بردیان، رۆژانەیش فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان بۆردوومانی مۆڵگە و شوێنەكانیان دەكەن و لێیان دەكوژن".
Top