کۆبانی..27 تیرۆریست کوژران
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لەکۆبانی عەمید (موسڵەح زێباری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند:"بەیانی ئەمڕۆ توانیان گردی مشتەنوور بە تەواوەتی لە چنگ چەکدارانی داعش دەربھێنن کە، شوێنێکی زۆر ستراتیژیە و لە ئێستادا دەوروبەری کۆبانی ھەموو لەژێر کۆنترۆڵی شەڕڤانان و ھێزی پێشمەرگە دایە و داعش کشاونەتەوە بۆ دەرەوەی ناوچەی مشتەنوور و چەکەکان لەو شوێنە جێگیر کراون.
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە کۆبانی گوتیشی، ئەمڕۆ زیانی زۆریان بە داعش گەیاندوون بە جۆرێک 27چەکداری داعش کوژراون و بڕێکی زۆری چەک و تەقەمەنیش کەوتووەتە دەست ھێزی پێشمەرگە و شەڕڤانان.
عەمید (موسڵەح زێباری) راشیگەیاند: جگە لە ئێمە فڕۆکە جەنگیەکانی ھاوپەیمانانیش شەش جار مۆڵگەکانی داعشیان بۆردوومان کردووە و زیانی زۆریان پێگەیاندوون، بەڵام قەبارەی زیانەکان نەزانراوە.
