مشتەنوور بە تەواوەتی ئازاد كرا

 مشتەنوور بە تەواوەتی ئازاد كرا
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانێ دەڵێت، هێزەكانی پێشمەرگە و شەڕڤانان نیوەکەی تری گردی مشتەنووریشیان بە سەعاتێک ئازاد کردووەتەوە.
عەمید موسلیح زێباری، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانێ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوێنێشەو لە ئەنجامی هێرشێك شەڕڤانان بە پشتیوانیی هێزەكانی پێشمەرگە، نیوەکەی تری گردی مشتەنووریشیان ئازاد کردەوە."
موسلیح زێباری، گوتیشی: "لە سەعات نۆی شەوەوە دەستمان بەو هێرشە كرد و، بە سەعاتێک بە تەواوەتی بەرزەفتمان كرد و، زەبرێكی كوشندەمان لە تیرۆرستانی داعش دا؛ لەبەر تاریکی نەمانزانی کوشتە و بریندارانی تیرۆرستانی داعش چەندە، بەڵام كوشتە و برینداریان زۆرە."
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانێ گوتیشی: "هێزەكانی پێشمەرگە لەگەڵ شەڕڤانان، ئێستا ئامادە و ڕاساون بۆ شکاندنەوە و، بەپەرچدانەوەی هێرشێهێنانەوەی تیرۆرستانی داعش."
زێباری ئاماژەی بەوەش كرد: "فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانانیش بەردەوام بە ئاسمانی كۆبانێدا دەسووڕێنەوە و، چەند مۆڵگەیەكی تیرۆرستانی داعشیشیان کوتاوە."
Top