په‌رله‌مانی كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی بۆ تاوتوێكردنی پڕۆژه‌یاسای سندووقی نه‌وت‌و گاز ساز ده‌كات

په‌رله‌مانی كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی بۆ تاوتوێكردنی پڕۆژه‌یاسای سندووقی نه‌وت‌و گاز ساز ده‌كات
بڕیاره‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ په‌رله‌مانی كوردستان بۆ په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌یاسای سندووقی داهاتی نه‌وتی نائاسایی كۆ ببێته‌وه‌ ،عه‌لى هالۆ ئه‌ندامی لیژنه‌ی سامانه‌ سروشتیه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "حه‌فته‌ی ڕابردوو لیژنه‌ی سامانه‌ سروشتیه‌كان و یاسا و دارایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌ماندا كۆ بوونه‌وه‌ و باسی پڕۆژه‌یاسای سندووقی داهاتی نه‌وتیان كرد، به‌ڵام له‌سه‌ر دوو خاڵ ناكۆك بوون؛ بۆیه‌ بڕیار درا ڕه‌وانه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بكرێت و ڕۆژی سێشه‌ممه‌ په‌رله‌مان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی ساز ده‌دات و له‌وێ ئه‌و ناكۆكییه‌كه‌ یه‌كلا بكرێته‌وه‌."

هالۆ گوتیشی: "ناكۆكی له‌سه‌ر دوو خاڵ هه‌یه‌؛ یه‌كه‌م سندووقه‌كه‌ سه‌ر به‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بێت، یاخود ئه‌نجوومه‌نی هه‌رێمی نه‌وت و گاز؛ دووه‌مینیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌سته‌ی ئه‌و سندووقه‌ هه‌موویان له‌ په‌رله‌مان سوێندی یاسایی بخۆن یاخود ته‌نیا به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌سته‌كه‌ كه‌ پله‌ی وه‌زیری ده‌بێت.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ڕوونیشی كرده‌وه‌ كه‌: "ئیمه‌ پێمان باشه‌ سه‌ر به‌ ئه‌نجوومه‌نی هه‌رێمی نه‌وت و گاز بێت، نه‌ك ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، چونكه‌ دۆسیه‌ی نه‌وت و گاز دۆسیه‌یه‌كی هه‌ستیاره‌ و وه‌زیره‌كان هه‌موویان په‌یوه‌ندییان به‌و بابه‌ته‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام ئه‌نجوومه‌نی هه‌رێمی نه‌وت و گاز په‌یوه‌ندیدارن به‌و بابه‌ته‌وه‌. ئێمه‌ پێمان باشه‌ كه‌ ته‌نیا سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سندووقی نه‌وت و گاز له‌ په‌رله‌مان سوێندی یاسایی بخوات، چونكه‌ وه‌زیر و سه‌رۆكی ده‌سته‌كانی دیكه‌ش به‌ هه‌مان شێوه‌یه‌، بۆیه‌ پێویست ناكات هه‌موو ده‌سته‌ له‌ په‌رله‌ماندا سوێندی یاسایی بخۆن.به‌ پێی پڕۆژه‌یاسای سندووقی داهاتی نه‌وت، ناوی ده‌سته‌كه‌ ده‌بێت به‌ ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی سندووقی نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمی كوردستان.
Top