مەکتەبی سیاسیی پارتی وەڵامێکی تووندی پەکەکە دەداتەوە
لە بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان هاتووە" كوردانی ئێزدی بەشێكی دانەبڕاون لە پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان و عێراق ، پێویستیان بە كانتۆن و ئەنجوومەنی كارتۆنی نییە، كە تەنیا خزمەتی بەرنامە و پیلانی نەگریس و دوژمنكارانەی نەیارانی كورد دەكات".
دەقی بەیاننامەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان
داگیركردنی دەڤەرەكەتان لەلایەن تیرۆریستانی داعش و رفاندنی كەسوكار و منداڵ و ژنانتان ئەنفالێكی دیكە بوو بەسەر گەلەكەماندا هات و بووە برینێكی قوڵ لە مێژووماندا كە خەبات و خۆڕاگری و كاركردنی پێكەوەیی زۆرمان دەوێ بۆ سارێژكردنی.
كوردانی ئێزیدی و پێشمەرگەی كوردستان لە چیای شەنگال بۆ ماوەی چەندین مانگ بەرەنگاری داعش بوونەوە و بە بەرخودانی قارەمانانەیان نەیانهێشت چنگی چەپەڵی تیرۆریستان بگاتە چیا، هەموو گەلی كوردستانیش پشتیوانی ئەم خۆڕاگرییە بوو.
قورسایی ئەو كارەساتە بوو وای كرد پێشمەرگەی قارەمانی كوردستان لە رۆڵەكانی كوردانی ئێزیدی و موسڵمان پێكەوە و بە سەرۆكایەتی سەرۆك بارزانی گەورەترین هەڵمەتی پێشمەرگانە بەرپا بكەن بۆ رزگاركردنی دەڤەری شنگال و پاككردنەوەی لە ئاسەوارەكانی تیرۆریستانی داعش. پاشی گەیشتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە خۆڕاگرەكەی سەر چیای شنگال بە یەكتر، قۆناغی ئازادكردنی شارەكە دەستیپێكردووە و ئێستا لە رزگاربوونی تەواوەتی نزیك بۆتەوە.
لەم كاتەدا كە هەموو گەلی كوردستان و نەتەوە خەباتكارەكەمان و جیهانی ئازاد چاوی لە ئازادكردنی شنگال و لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش و گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیرییە بۆ ئەو دەڤەرە تا ئاوارەبووەكان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و هەوڵەكان چڕ بكرێنەوە بۆ رزگاركردنی رفێندراوەكان، تاقمێك بە سەركردایەتی پارتی كرێكارانی كوردستان و هاوكارەكانی بە زۆرەملێ خۆیان بەسەر ئێزیدیاندا دەسەپێنن و لەرێی ئەنجوومەنێكی كارتۆنییەوە كار دەكەن بۆئەوەی لە ژێر ناوی كانتۆنی خۆ بەڕێوەبەریدا شنگال لە هەرێمی كوردستان داببڕن.
ئەم كارە جگە لەوەی كارێكی نایاسایی و دەستوەردانی زەقە لە كاروباری هەرێمی كوردستان و عێراق و بەزاندنی سەروەری وڵات و فەرمانێكی نوێیە دژی ئێزیدیان، هەروەها دژایەتی زەقی یەكگرتوویی نەتەوەیی و یەكپارچەیی نیشتمان و ئیرادەی كوردایەتی هەموو ئێزیدیانە و جێبەجێكردنی پیلانی نەگریسی كۆن و نوێی نەیارانمانە بۆ لێكجیاكردنەوەی گەل و خاك و لاوازكردنی هێزی یەكگرتووی نەتەوەیی و نیشتمانیمان.
شنگال و ئێزیدیانی باشوری كوردستان خودان ئیرادە و بڕیاری كوردایەتی خۆیانن پێویستیان بە كەس نییە لە دەرەوە بێن و لە جیاتی ئەوان بیر بكەنەوە و بڕیار بدەن. بەڕێزان شێخانی ئێزدی و كەسایەتی و هەموو ئێزیدییەكانیش ئەمەیان بۆ پەكەكە و هاوكارەكانی سەلماندوەو و پێیان وتوون دووركەونەوە لە پرسی رەوای ئێزیدیان و كێشەی زیاتریان بۆ دروست نەكەن و برینیان قوڵتر نەكەنەوە.
كوردانی ئێزیدی بەشێكی دانەبڕاون لە پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان و عێراق و خودان نوێنەری خۆیانن لە پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی نەینەوا و دهۆك، پێویستیان بە كانتۆن و ئەنجوومەنی كارتۆنی نییە كە تەنیا خزمەتی بەرنامە و پیلانی نەگریس و دوژمنكارانەی نەیارانی كورد دەكات و ئاژاوە دەخاتە دەڤەرەكەیان و دەبێتە مەترسی بۆ سەر تەبایی كۆمەڵایەتییان.
ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان وێڕای ریسواكردنی هەوڵەكانی پەكەكەو هاوكارەكانی بۆ دابڕینی شنگال لە كوردستان و خۆسەپاندنیان بەسەر ئیرادەی كوردانەی ئێزیدیاندا، هەروەها داوایان لێ دەكەین هەرچی زووە ئەم گێچەڵە لە هەرێمی كوردستان دوور بخەنەوە و بە دروستكردنی ناكۆكی لەناو نەتەوەكەماندا و لێكترازاندنی ریزەكانی گەلەكەمان دڵی داعشی تیرۆریست و نەیارانی گەلی كوردستان خۆش مەكەن.
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
18/1/2015
