قاسم شه‌شۆ: په‌كه‌كه‌ له‌ شه‌نگال میوانن و بۆیان نییه‌ باسی‌ كانتۆن بكه‌ن

قاسم شه‌شۆ: په‌كه‌كه‌ له‌ شه‌نگال میوانن و بۆیان نییه‌ باسی‌ كانتۆن بكه‌ن
رۆژی چوارشه‌ممه‌ ١٤ كانوونی دووه‌می ٢٠١٥ له‌ چیای شه‌نگال به‌ به‌شداری ٢٠٠ كه‌س كۆبوونه‌وه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌چوو، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ ئه‌نجومه‌نی ئێزدییه‌كانی شه‌نگال دامه‌زرا و ٢٧ كه‌س بۆ ئه‌ندامێتی له‌ناو ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌دا ده‌ستنیشانكران. فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌كانی ئێزدی سه‌ر چیای شه‌نگالیش ده‌ڵێت: "ئه‌مه‌ خیانه‌ته‌ له‌ شه‌نگال ده‌كرێت".

قاسم شه‌شۆ، فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌كانی ئێزدی سه‌ر چیای شه‌نگال رایگه‌یاند: "ئێمه‌ رێز له‌ هه‌موو پارتێكی كوردی ده‌گرین، ئه‌وان نه‌ وه‌لی ئه‌مری ئێمه‌ن و نه‌ بابمانن، به‌ڵكو به‌ میوانداری هاتوونه‌ته‌ شه‌نگال و ناتوانن بڕیاری له‌ سه‌ر حیسابی ئێمه‌ بده‌ن".

وتیشی: "بڕیار بڕیاری زۆربه‌ی ئێزدییه‌كانه‌ و ئه‌وانیش ده‌ڵێن ئێمه‌ له‌گه‌ڵ بڕیاری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانین، بڕیاری په‌كه‌كه‌ بڕیارێكی فاشله‌ و ده‌توانم بڵێم ئه‌مه‌ی ئه‌وان بڕیاری فارس و عه‌ره‌ب و میتی توركیایه‌ ".

شه‌شۆ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "ئه‌مه‌ خیانه‌ته‌ له‌ شه‌نگالی ده‌كه‌ن و ئه‌وانه‌ی‌ كۆبوونه‌ته‌وه‌ هیچیان سیاسی نین".

ئاماژه‌ به‌وه‌شكرد: " ئێمه‌ هیچ كانتۆنێكمان قبۆڵ نییه‌ و په‌یوه‌ندیمان به‌ سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ كردووه‌ و پێمانوتوون كه‌ شه‌نگال بووه‌ پارێزگا ده‌بێت سه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان بێت ".

فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌كانی ئێزدی سه‌ر چیای شه‌نگال ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت: "خه‌ڵكانێك ئه‌گه‌ر له‌ سوریاوه‌ یان له‌ توركیاوه‌ بێن و بیانه‌وێ بڕیار له‌سه‌ر ماف و چاره‌نووسی ئێمه‌ بده‌ن ئه‌وه‌ قبوڵی‌ ناكه‌ین و لای‌ ئێمه‌ بڕیاری‌ پوچه‌ڵن".








خه‌ندان
Top