کاروانی سێیەمی هێزی پێشمەرگە دەچێتە كۆبانێ

 کاروانی سێیەمی هێزی پێشمەرگە دەچێتە كۆبانێ
سەرچاوەیەكی پێشمەرگە رایگەیاند، كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2015، هێزێكی پێشمەرگە بەرەو كۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان بەڕێدەكەوێت بۆ جێگرتنەوەی ئەو هێزەی ئێستا لە لەوێیە.

پێشمەرگەیەكی هێزی پشتیوانی یەك بە رووداوی راگەیاند، كە ئاگاداركراونەتەوە، لە میرەی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەبن بۆ ئەوەی بچنە كۆبانێ.

یەكەم کاروانی هێزی پێشمەرگە، كە لە 150 پێشمەرگە پێكهاتبوو، لە 28ـی تشرینی یەکەمی 2014 بە چەكی قورسەوە لە هەولێرەوە بەرەو كۆبانێ بەڕێكەوت و پاش 35 رۆژ گەڕانەوە.

کاروانی دووەم، بە هەمان ژمارەی کاروانی یەكەم لە 3ـی کانوونی یەکەمی 2014بەڕێكەوت و تاوەکو ئێستا لەوێن و بڕیارە ئەمڕۆ هێزێك بچێت بۆ جێگرتنەوەیان و ئەوان بگەڕێنەوە.

چوار مانگ زیاترە شەڕ لە سنووری كۆبانێ بەردەوامە و ئەو هێزەی پێشمەرگە بە فەرمانی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بە رەزامەندی پەرلەمانی كوردستان، بۆ پشتیوانی شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دژ بە چەكدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دەچنە كۆبانێ.







رووداو
Top