لەعێراق بڕوانامەی ماجستێر و دكتۆرا بە پارە دەست دەكەوێ

لەعێراق بڕوانامەی ماجستێر و دكتۆرا بە پارە دەست دەكەوێ
ئەندامێكی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق رای دەگەیەنێت، لە ئێستەدا دەیان زانكۆ لەعێراق بە بێ مۆڵەت كراوەنەتەوەو هیچ كەسێكیش لێپێچینەوەیان لەگەڵ ناكا، هێمای بۆ ئەوەش كرد ئەو زانكۆیانە بڕوانامەی ماجستێرو دكتۆرا بەرامبەر بڕە پارەیەكی زۆر بە خەڵكی دەفرۆشنەوە و داوای گرتنەبەر رێككاری یاسایی لەدژی ئەو زانكۆیانە دەدا.

بێریوان خەیلانی بە راگەیاند، ماوەی چەند ساڵێكە بە دەیان زانكۆ لەشارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانیش ژمارەیەك زانكۆ كراوەنەتەوە كە هیچ بنەمایەكی زانستی پێرەو ناكەن و لە هیچ شوێنێكیش مۆڵەتیان وەرنەگرتووە.

هەروەها گوتی، ئەو زانكۆیانە بێ ئەوەی بڕوانامەكانیان باوەڕ پێكراو بێ ساڵانە قوتابی وەردەگرن و بڕوانامەی زانكۆیی و بگرە ماجستێرو دكتۆراش بە قوتابیان دەدەن بەرامبەر بە پارەیەكی زۆر، لەئێستەدا لەپارێزگەكانی عێراق ژمارەیەك زانكۆ بەرامبەر بە بڕە پارەیەك بڕوانامەی ماجستێرو دكتۆرا بەو كەسانە دەدا كە دەرچووی قۆناغی زانكۆیی یان ئامادەیین، بۆ نمونە زانكۆی سانت كلمنتس بەم شێوەیە بڕوانامە دەبەخشێتەوە بێ ئەوەی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق و فەرمانگەكان دانیان پێدا بنرێ.

ئاماژەی دا، پێویستە حكومەت لەلایەك و ئەو قوتابیانەی لەو زانكۆیانە دەخوێنن بەرامبەر بە بڕە پارەیەك سكاڵای یاسایی لەدژیان تۆمار بكەن، چونكە زانكۆی مۆڵەتپێدراو نین و بڕوانامەكانیشیان دانی پێدا نانرێ، ژمارەی ئەو زانكۆ بێ مۆڵەت و ئەوانەی بەرامبەر بە بڕە پارەیەك بڕوانامە دەبەخشن لەسەرووی 10 زانكۆ دەبێ.
Top