رۆڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی داعش گرنگ بووەو دنیاش بە رێزەوە سەیری دەكات

رۆڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی داعش گرنگ بووەو دنیاش بە رێزەوە سەیری دەكات
عەدنان موفتی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ گوتى: گەلی كوردستان ساڵەهای ساڵە خەبات دەكات و بێبەش كراوە لەوەی مافی ئەوەی هەبێت خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بێت، رەگ و ریشەی پێشێلكردنی ئەم مافەش دەگەڕێتەوە بۆ دوای رووخانی دەوڵەتی عوسمانی، لەبەر ئەوەی دوای رووخانی ئەو دەوڵەتە زۆربەی زۆری ئەو نەتەوانەی لەناو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەژیان، سەربەخۆییان بۆ دابینكرا و بوونە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ، بەڵام لەو نێوەندەدا كوردستان دابەشكرا، بۆیە لەو كاتەوەی كوردستان دابەشكراوە، گەلی كوردستان بۆ ئازادی و بۆ دیاریكردنی ئایندەی خۆی خەبات دەكات و قوربانی دەدات، لەم پێناوەشدا قۆناخی زۆرجیاوازی بڕیوە و تووشی شەڕی دەوڵەتان بووە، بەتایبەتیش لە باشووری كوردستان گەیشتۆتە ئەو ئاستەی بە بەكارهێنانی چەكی كیماوی و ئەنفال ژینۆساید بەرامبەر گەلەكەمان بكرێت، لە ئێستاشدا مەترسییەكی گەورەتر رووبەڕووی گەلەكەمان وسەرجەم گەلانی ئازادیخواز بۆتەوە كە ئەویش مەترسی تیرۆریستانی داعشە، كە ناویان لە خۆیان ناوە «خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و شام». من وای دەبینم شەڕی تیرۆریستانی داعش شەڕێكی درێژخایەنە و پێویستی بە هاوكاری تێكڕای دەوڵەتانی ئازاد و دیموكراتی هەیە بۆ ئەوەی ئەم مەترسییە لەسەر مرۆڤایەتی دووربخەنەوە.

عدنان هەروەها گوتى: بڕیاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە راگەیاندنی شەڕی سەرتاسەری دژی تیرۆریستانی داعش، بڕیارێكی بەجێ بوو، ئەو لەم شەڕە بە ئەركی خۆی هەستا و دەبێت هەموو خەڵكی كوردستانیش بە ئەركی خۆیان هەڵبستن، سەرۆكی هەرێمی كوردستان خۆی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی كوردستانە و ئەركی خۆیەتی بەو رۆڵە گرنگە لەم كاتە هەستیارە هەڵبستێت، ئەمەش بە هەند وەرگیراوە و هاندەرێكی گرنگ بووە بۆ یەكخستنی پێداویستی رووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتی بە ناو ئیسلامی كە گشت لایەنە سیاسییەكان پشتگیری لێ دەكەن و دنیاش بە رێزەوە تەماشای ئەو هەوڵە و رۆڵی پێشمەرگە دەكەن لە بەرەكانی زوممار و شنگالەوە تادەگاتە تەلوەرد و خورماتوو و خانەقین و جەلەولا، ئەمە وادەكات هەموو لایەك پێكەوە هەماهەنگ بین بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان. ئەو سەركەوتنانەی بەم دواییە لە شنگال و دەوربەری، جێگەی دڵخۆشییەكی گەورە بوو، ئەم سەركەوتنە دوای ئەو كارەسات و نەهەماتییە گەورەیە هات كە بەسەر خەڵكی ئەو ناوچەیە هات .

هەروەها عدنان موفتى گوتى: پێش هەموو شت سەرۆكی هەرێمی كوردستان خۆی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی كوردستانە و ئەمە ئەرك و خواستی

خۆیەتی كە دەبێت فەرماندەی هەموو شەڕەكان بێت هەر لە شنگال تا جەلەولا، دەبێت بە هەمان رۆحیەتەوە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی سەركەوتنەكان بەردەوام بن، بۆیە من لە كاتێكدا دەستخۆشی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و تەواوی فەرماندە سەربازییەكان و تەواوی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكەم، لە هەمانكاتدا دەڵێم بوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەكان لە بەرەی پێشەوەی شەڕ هۆكارە بۆ سەركەوتنی خێراتر و كەمكردنەوەی زیانەكان بەتایبەتی شەهیدبوونی پێشمەرگە.

لە كۆتایی قسەكانیدا عدنان موفتی گوتى: بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، جووڵاندنی هێزی پێشمەرگە بۆ دەرەوەی هەرێم دەبێت بە بڕیاری پەرلەمان بێت، بۆیە كە پەرلەمان دوای ناردنی نامەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەو بڕیاری داوە، ئەوە بڕیارێكە لە جێگەی خۆیەتی، لەلایەكی دیكە ئەم شەڕەی ئێستا رووبەڕوومان بۆتەوە، شەڕێكی جیهانییە و تەنها شەڕی كورد نییە، هەر بۆیە لە كەنداو تا دەگاتە ئەمریكا و ئەوروپا و ئوسترالیا لەم شەڕەدا هاوكاری هەرێمی كوردستان دەكەن، بۆیە ئێمەش كاتێك دەبینین براكانمان لە رۆژئاوا رووبەڕووی هەمان مەترسی بوونەتەوە و لەگەڵ تیرۆریستان لە شەڕێكی سەختدان، دەبێت چیمان لەدەست بێت، هاوكارییان بكەین، ئەركی سەرشانی پێشمەرگەشە لە هەر شوێنێكی كوردستان پێویست بێ، لەوێ بەرگری لە كوردستان بكات، چونكە كوردستان یەك نیشتمانە، لە كوێ پێویستی هەبێت، دەبێت هاوكارییان بكەین، ئێمەش پێویستمان بێت، دەبێت پارچەكانی دیكە هاوكاری باشوور بكەن.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1009)
Top