بارزانی: بە شانازییەوە پێشمەرگە شكستی بە داعش هێناوە
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 11-1-2015 ، ئۆرسۆلا ڤۆندێر لیۆن، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا گەیشتە هەولێر و لەلایەن مستەفا سەید قادر، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان پێشوازی لێكرا، دواتریش سەردانی پیرمامی كرد و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە. لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری پێشمەرگە و مەسرور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەشداربوون.
پاش كۆبوونەوەكە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا لەگەڵ ئۆرسۆلا ڤۆندێر لیۆن، مەسعود بارزانی رایگەیاند،" سەردانی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا نیشانەی بەهێزی پەیوەندی نێوان گەلی كورد و ئەڵمانیایە". سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی داعشیش بارزانی گوتی:" جێگەی شانازییە گەلی ئێمە و پێشمەرگە شكستیان بە چەكدارانی داعش هێناوە". لە بەرامبەریشدا ئۆرسۆلا ڤۆندێر لیۆن گوتی لە هاوكاریكردنی پێشمەرگە بەردەوام دەبین.
سەبارەت بە یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەش كە ماوەیەكە بووەتە پرسی گەرمی میدیاكان و شەقامیش، لە وەڵامی پرسیارێكدا بارزانی گوتی،" پرۆسەی یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە پێش شەڕی داعش دەستیپێكردووە و بەردەوامیش دەبێت". لەبارەی كاریگەری ئەو چەكانەی لەلایەن ئەڵمانیاوە نێردراون لە بەرەكانی شەڕدا كە دیارترینیان "میلانە"، سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتی،" چەكەكانی ئەڵمانیاو راهێنەرەكانیان كاریگەریان هەبوو".
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە كۆنگرەكەدا هەروەها گوتی،" راهێنان بە هێزی پێشمەرگە دەکەین و پسپۆر و راوێژكاری زۆرتر دەنێرین". چاوەڕێدەكرێت لە ناوەڕاستی ئەم مانگە پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا دەنگ لە سەر ئەم داوایەی حكومەتی ئانگێلا مێركل بدات بە رەوانەكردنی 100 سەرباز و پسپۆر بۆ هەولێر.
ئەمە دووەمجارە وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا دوای هێرشەكانی داعش بۆ سەر باشووری كوردستان بێتە هەولێر، بڕیاریشە سبەی دووشەممە لە قەزای دەشتی هەولێر (بنەسڵاوە) بنكەیەكی مەشق و راهێنان بكاتەوە. لەبارەی داڵدەدانی ئەو ئاوارانەی روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە كە ژمارەیان ملیۆنێك و 500 هەزاری تێپەڕاندووە، ئۆرسۆلا ڤۆندێر لیۆن گوتی،"لەخۆگرتنی ئاوارەکان لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە مایەی پێزانینە".
