مەخمور..رەوشەکە ئارامە و خەڵک گەڕاونەتەوە نێو ماڵەکانیان
بەرپرسی ناوچەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە قەراج (ئیسماعیل حەمەد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، دوای ئەوەی لەدوو رۆژی رابردوو داعش ھێرشی کرد بۆ سەر ناوچەی سوڵتان عەبدوڵا لە میحوەری گوێر ژمارەیەک خەڵک لەناوچەی مەخمور ئاوارە بوون، بەڵام ئەمڕۆ ئەم خەڵکە گەڕایەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و لەئێستادا ناوچەکە ئارامە وھیچ ئاڵۆزیەک نییە.
(ئیسماعیل حەمەد)گوتیشی، ناوچەکە ئارامە و ھیچ مەترسیەک نییە و ھێزی پێشمەرگە لە ئامادەباشی تەواو دان و بە ھیچ شێوەیەک رێگە نادەن داعش پێشڕەوی بکات و خەڵکی دەڤەری مەخموریش دڵنیا دەکەنەوە کە ناوچەکە ئارامە.
ئەمەیش لەکاتێکدایە، پێش دوو شەو داعش ھێرشی کردە سەر گوندی سوڵتان عەبدوڵا لە میحوەری گوێر، بەڵام ھێزی پێشمەرگە گورزی کوشندەیان لێوەشاندن و زیانی زۆریشیان پێ گەیاندن.
