سیروان بارزانی: هەموو ئەو شوێنانەمان كۆنترۆڵكردووەتەوە كە داعش لێوەی دزەی كردبوو

 سیروان بارزانی: هەموو ئەو شوێنانەمان كۆنترۆڵكردووەتەوە كە داعش لێوەی دزەی كردبوو
سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری گوێڕ – مەخمووری هێزی پێشمەرگە باسی لە شەڕەكەی شەوی رابردووی میحوەری گوێڕ كرد. ئەو جەختدەكاتەوە كە ئەو شوێنانەی چەكدارانی داعش لێوەی دزەیان كردبوو، ئێستا بەتەواوی لەژێر كۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەدایە.

سیروان بارزانی راگەیاند، كە ئەوان زانیارییان هەبووە لەسەر هێرشی چەكدارانی داعش بۆ سنوورەكە‌و لە ئامادەباشیدا بوون، بەڵام وەك خۆی دەڵێ "هێرشی داعش لە رێگەی ئاوەوە بۆ ئێمە چاوەڕواننەكراو بوو، ئەو تاكتیكەیان نوێ بوو ، بەڵام سەركەوتوو نەبوون و موجازەفەیان كرد، چونكە خەڵكی زۆریان لێ كوژرا". سیروان بارزانی جەختیكردەوە "ئەوەی داعش كردی شەڕی پارتیزانی بووەو هیچ شوێنێكیان كۆنترۆڵ نەكردووە". گوتیشی "پێش ئەوەی خەڵكی هەولێر لە خەو هەستن هەموو ئەو شوێنانەمان كۆنترۆڵكردەوە". بە گوتەی سیروان بارزانی داعش لە 9 قۆڵەوە ئەو هێرشەیان كردووە.

سەپەرشتیاری میحوەری گوێڕ- مەخمووری هێزی پێشمەرگە گوتیشی: "ئەبو بەكر بەغدادی خودی خۆی لە نەمروودەوە سەرپەرشتی هێرشی هەموو قۆڵەكانی كردووە". ئاماژەی بەوەشكرد كە بۆ بەغدادی ئەو میحوەرە گرنگە بەوپێیەی نزیكە لە هەولێر.

سەبارەت بەوەی لە هێزەكانی ئاسایشی ئەو سنوورە 24 كەس شەهید بوون و دەگوترێت بۆ ماوەیەك پێشمەرگە پاشەكەشەی كردووە، سیروان بارزانی گوتی : "لە شەڕدا هەموو كاتێك بردنەوە نییە، تووشی شكستیش دەبیت، بەڵام ئێمە زوو هاتینەدەست و بەپێی پلانێك لە هەموو قۆڵەكانەوە هێرشەكانمان تێكشكاندن و لە سنوورەكە نەمان".

سیروان بارزانی ئاماژەی بەوەكرد، كە بەپێی زانیارییەكانی ئەوان 500 چەكداری داعش بەشداری هێرشی 9 قۆڵەكەیان كردووە. گوتیشی "38 چەكدار كوژراون و دوانیان ئەمیرن". روونیكردەوە كە ئەو دوو ئەمیرە یەكێكیان لە گوندی سوڵتان عەبدوڵڵا كوژراوەو ئەوی دیكەشیان لە كەپران.

سەبارەت بە ترسی خەڵكی مەخموور، كە ئێستا بەهۆی ئەو هێرشانەوە ترسیان لێنیشتووەو ناوچەكانیان جێدەهێڵن، سیروان بارزانی جەختیكردەوە كە میحوەری مەخموور بە تەواوی لەژێر كۆنترۆڵی پێشمەرگەدایەو تۆپ و هاوەنی داعشی ناگاتێ. بەڵام ئامادەنەبوو دڵنیایی بداتە خەڵکی گوێڕ كە بگەڕێنەوە ناوچەكانیان و گوتی "نێوانی ئێمەو داعش تەنیا 500 مەترە، من ناتوانم بە خەڵك بڵێم بگەڕێنەوە لەكاتێكدا تۆپی داعش بگاتە ناوچەكە".









رووداو
Top