دووشەممە کۆتایی بە گفتۆگۆی بودجە دەهێنرێت..سەرۆکایەتی رۆژێک بۆ دەنگدان دیاری دەکات
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فڕاکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان (ئەشواق جاف) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، ھەندێک لە پەرلەمانتاران بەردەوامن لە دژایەتی کردنی رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا و ئەمڕۆش ھێرشیان کردە سەر ھێزی پێشمەرگە، پەرلەمانتارانی کوردیش بە توندی وەڵامیان دانەوە و داوایان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد سنوورێک بۆ ئەوان دابنرێت.
(ئەشواق جاف) گوتیشی، ئەو پەرلەمانتارانە ئەو کارە دەکەن بۆ ئەوەی پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند نەکرێت و دژایەتی حکوومەتی عەبادی دەکەن و دیارن سەر بەکێن، بۆیە ئێمە نامانەوێت کێشە دروستبکەین، بۆئەوەی پڕۆژەیاساکە پەسەند بکرێت.
رونیشی کردەوە، بڕیارە رۆژی دووشەممە کۆتایی رۆژ بێت بۆ گفتوگۆکان و دواتر کات بە لیژنەی دارایی دەدرێت بۆ ئەوەی تێبینیەکانی پەرلەمانتاران جێگیر بکرێن و لەکۆتایی سەرۆکایەتی پەرلەمان رۆژێک بۆ دەنگدان لەبارەی ئەو پڕۆژەیاسایە دادەنێن.
