لەسلێمانی بەفر گرفتی هاتووچۆی دروست کرد و پەروەردەش دەسەڵاتی دواخستنی تاقیکردنەوەکانی دایە قوتابخانەکان

لەسلێمانی بەفر گرفتی هاتووچۆی دروست کرد و پەروەردەش دەسەڵاتی دواخستنی تاقیکردنەوەکانی دایە قوتابخانەکان
–لەشاری سلێمانی بەهۆی بەرفر بارینەوە، لەهەندێک ناوچەی ناو شار و دەرەوەی شار گرفتی هاتووچۆ بۆ هاووڵاتیان دروست بووە و پەروەردەی پارێزگای سلێمانیش دەسەڵاتی داوەتە بەڕێوەبەری قوتابخانەکان و سەرپشکی کردوون ئەمڕۆ تاقیکردنەوەکان ئەنجام بدەن یان دوایان بخەن.

لەبەرەبەیانی ئەمڕۆدا شەپۆلێکی سەختی بەفر بارین شاری سلێمانی گرتۆتەوە و هەتا ئێستا بەفر بەچڕی دەبارێت. بەو هۆیەشەوە گرفتی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لەهەندێک ناوچەی شاری سلێمانی و دەرەوەی شار دروست بووە.

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاندووە:"لەهەر ناوچەیەک قوتابیان کێشەی هاتووچۆیان بۆ دروست ببێت و نەتوانن بڕۆنە قوتابخانەکانیان، بەڕێوەبەری قوتابخانەکان دەتوانن ئەمڕۆ بکەنە پشوو".

گوتیشی:"ئەو قوتابخانانە دەتوانن تاقیکردنەوەکەی ئەمڕۆی قوتابیان بخەنە سبەینێ".

بەپێی زانیاریەکانی ئاژانس و ڕادیۆی پەیامنێر، دەوامی خوێندن لە قوتابخانەکانی تویمەلیک و ئازادی و بناری گۆیژە و گەڕەکی ئیبراهیم ئەحمەد و کازیوە و کوردسات ڕاگیراوە.

هاوکات تیمەکانی پۆلیسی هاتووچۆ و ڕێگاوبان و بەرگری شارستانی، ماوەی چەند ڕۆژێکە خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە و بۆ ڕێگەگرتن لە ڕوودانی هەر ڕووداوێکی نەخوازراویش ڕێگەکانی چیای ئەزمەڕ و گۆیژە بەڕووی ئۆتۆمبێلدا داخراون.
Top