پەرلەمانی كوردستان لێكۆڵینەوە لەرووداوەكەی كەركوك دەكات
پەرلەمانی كوردستان دەستدەكات بە لێكۆڵینەوە لەهۆكاری رووداوەكەی بەردەم نووسینگەی خۆی لەشاری كەركوك.
لەسەر راسپاردەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بڕیار دراوە دوای تەواو بوونی بەدواداچوونەكان، بەشێوەی راپۆرت رای گشتی ئاگادار بكرێتەوە.
دەربارەی ئەو روداوە نەخوازراوەی رۆژی 7-1-2015ی بەردەم نووسینگەی كەركوكی پارلەمانی كوردستان ڕوویدا، لە سەر راسپاردەی، د. یوسف محەمەد سادق، سەرۆكی پەرلەمان، ئەمڕۆ پێنج شەممە، لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمان كە پێكهاتبوون لە"شوان شێخ ئەحمەد، ساڵح فەقێ، حاجی كاروان"سەردانی(نووسینگەی كەركوك)یان كرد.
لەو سەردانەدا پەرلەمانتاران لەگەڵ نوێنەری خۆنیشاندەران كۆبوونەوە و دواتریش لێكۆڵینەوەیان لە روداوەكە كردووە.
بڕیاریش دراوە راپۆرتی تایبەت لەو بارەیەوە بۆ سەرۆكایەتی پارلەمان بنوسرێ و تەواوی رووداوەكەش بۆ رای گشتی روونبكرێتەوە.
لەوبارەیەوە سكرتێری ڕۆژنامەوانی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، ڕایگەیاند"پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ ئازادی ڕادەربڕین و خۆپیشاندانە، روداوی تەقەكردنیش بەسەر خۆپیشاندەرانی بەردەم نووسینگەی پەرلەمان لە كەركوك (كە خۆشبەختانە هیچ زیانێكی گیانی و ماڵی لێنەكەوتەوە) بەلای پەرلەمانی كوردستانەوە جێگەی بایەخەو لەدوای ناردنی ڕاپۆرتی لیژنەكەی پەرلەمان، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دوا بڕیاری خۆیان لەو بارەیەوە ڕادەگەیەنن."
