نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆن دەستبەکاربوو
لە واشنتۆن، فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە، پیرۆزبایی لە خاتوو بەیان سامی عەبدولرەحمان كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لەو ئەركە نوێیەدا و ئاماژەی بە گرنگی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كرد.
هەروەها بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە ئاماژەی بە ڕۆلی بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حكومەتی هەرێم كرد كە پێشتر وەك نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئەمریكا ڕۆلێکی گرنگ و بەرچاوی هەبووە لە بەهێزكردنی پەیوەندیەكان. هاوكات سوپاسی كارمەندانی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد كە چالاكانە كاریان كردووە.
خاتوو بەیان سامی عەبدولرەحمان نوێنەری حكومەتی هەرێم گووتی "شەرەفمەندم بە دەست نیشان كردنم وەك نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئەمریكا و بەهۆی بوونی تیمێكی چالاك لە نوێنەرایەتی ئەركەكەمان ئاسانتر دەبێت و هیوادارم وەك تیمێك بەیەكەوە كاربكەین بۆ زیاتر لە یەكتر نزیك كردنەوەی خەڵكی هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و بەرەوپێش برنی پەیوەندیەكان."
هەر لە هەمان ڕۆژدا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە وخاتوو بەیان سامی عەبدولرەحمان سەردانی باڵێۆزخانەی عێراقیان كرد و چاویان كەوت بە بەڕێز لوقمان فەیلی باڵیۆزی عێراق لە واشنتۆن. لە دیدارەكەدا گفتوگۆ كرا دەربارە هەماهەنگیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا لەسەر پرسەكانی پێشمەرگە و بودجە و هەناردەكردنی نەوت و پەیوەندی نێوان عێراق و وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. هاوكات باڵیۆزی عێراق ئامادەی خۆی دەربڕی بۆ هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئەمریكا.
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هاوكاری و پشتگیری لە ڕووی سەربازی و مرۆییەوە پێشكەش بە عێراق و هەرێمی كوردستان كرد، دوای هێڕشەکانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لە هاوینی رابردوودا. بە یارمەتی هێڕشە ئاسمانیەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان، هێزەكانی پێشمەرگە توانیان زۆربەی ئەو ناوچانە ئازادبكەنەوە كە كەوتبوونە ژێر دەستی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش. هەرێمی كوردستان تەنها لە ساڵی 2014 پێشوازی كردووە لە زیاتر لە نۆ سەد و پەنجا هەزار ئاوارەی ناوخۆ لە كوردانی ئێزیدی و مەسیحی و عەرەب و نەتەوەكانی تر بەهۆی ڕووداوەكانی سوریا و ئاڵۆزییە ناوخۆییەكانی عێراق.
بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە بە یاوەری نوێنەری نوێی حكومەتی هەرێم لە ئەمریكا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا چاویان دەكەوێت بە بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریكی و ئەندامانی كۆنگرێس و سێنا.
خاتوو بەیان سامی عەبدولرەحمان لە ڕۆژی 1ی ینایەر/کانونی دووەمی ئەم ساڵ وەك نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئەمریكا دەست بە كاربوو، ئەویش دوای 10 ساڵ كاركردنی وەك نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەریتانیا و پێشووتریش بۆ ماوەی 17 ساڵ وەك ڕۆژنامەنووس لە زۆر لە ڕۆژنامەكانی بەریتانیا كاریكردووە، لەمانە رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز.
