وەزیری خوێندنی باڵا تیشک دەخاتە سەر وەرگرتنی قوتابیانی ئاوارە لە زانکۆ وپەیمانگاکانی هەرێمدا
ئەمەی خوارەوە دەقی دیمانەکەیە:
بەهۆی بارودۆخی شەڕ لەگەڵ رێکخراوی تێرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی، ناسراو بە داعش، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەم ساڵ بە چ شێوەیەك قوتابیانی هەرێم و قوتابیانی ئاوارە لە زانكۆ و پەیمانگاكان وەرگرتووە؟
دکتۆر یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی: یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی كابینەی هەشتم كە لە كۆتایی حوزەیرانی رابردوو سازكرا، بڕیاری لەسەر پێشنیاری وەزارەتی خوێندنی باڵای دا كە تایبەت بوو بە رەچاوكردنی كێشەی قوتابیانی هەرێم بەگشتی و قوتابیانی ناوچە دابڕاوەكان بەتایبەتی، چونكە لەبەر دۆخەكە بۆ ئەو قوتابیانە ئەم ساڵەی خوێند دەبێتە ساڵێكی پر لە كێشە
حكومەتی هەرێمی كوردستان ووەزارەتی خوێندنی باڵا هەر لەسەرەتاوە ئەجندایەكیان هەبوو بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەم كێشەیە، وەزارەتی خوێندنی باڵا ژۆرێكی عەمەلیاتی تایبەت بە رەوش و كێشەی قوتابیانی ئەم ناوچانە دامەزراندن و دیراسەی رەوشی قوتابیانی كرد و دواتر فۆرمێكی تایبەتی بەسەریان دابەشكرد و ئامارێكی تەواو بۆ ژمارەی قوتابی و خوێندكارە ئاوارەكان كرا و كێشە و گرفتەكانیانیش دەستنیشانكران.
سەبارەت بە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم وەكو كەركووك بۆ نموونە، وەزارەت هەوڵی دا لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی فیدرالی عیراق كە كورسیەكانی خوێندنی زانكۆی كەركووك سەدا سەد بۆ قوتابیانی پارێزگای كەركووك بێت و حكومەتی عیراقیش پێشنیاری وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان لەبەرچاوی گرت و سەدا سەدی قوتابیانی كەركووك، تەنها كۆلیژی ئەندازە و پزیشكی نەبێت، لە زانكۆی كەركووك وەرگیران.
هەروەها وەزارەت فۆرمێكی تایبەتی بە قوتابیانی ئێزدی و ناوچەی خانەقین و ناوچەكانی تری دا، بەمەبەستی وەرگرتنیان لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم. بەپێی بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەسەدا پێنچی كورسیەكانی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم بۆ قوتابیانی ئەم ناوچانە تەرخان دەكات، لەگەڵ ئەمەشدا هەموو ئەو قوتابیانەی كە لە زانكۆكانی بەغدا و تكریت و مووسل و شارەكانی تری عیراق بوون لە كورد و توركمان و مەسیحی و هاوڵاتی رەسەنی هەرێمی كوردستان بوون ئاسانكاریان بۆكرا بۆ ئەوەی بگوازرێنەوە بۆ زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم.
دەتوانم بڵێم ئێستا پرۆرسەی وەرگرتنی قوتابیانی ئەم ناوچانە و قوتابیانی هەرێمی كوردستان لە زانكۆكانی دەرەوەی هەرێم لە قۆناغی كۆتایی دایە و كێشە و گرفتەكانیان چارەسەركراون و بەهەزاران قوتابی لە هەموو ئاستەكان وەرمانگرتوون و تەنها كێشەی زانكۆی پزیشكی ماوە کە لەم دوو رۆژەدا ئەوانیش بەتەواوی چارەسەردەكرێن.
ئەم ساڵ بە بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیران، زانكۆی چەرمۆ لە چەمچەماڵ كرایەوە کە ئامانجی سەرەكی چارەسەركردنی كێشەی قوتابیانی ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم بوو. زانكۆی چەرمۆ لە سێ كۆلیژ و سەنتەرێكی لێكۆلینەوە پێكهاتووەو لە وانەیە بۆ ساڵی داهاتوو زیاتر گەشە بكات. جگە لەوەش كۆلیژی تر كراینەوە. ئێستا لە هەرێمی كوردستان 77 كۆلیژ هەیە و نزیكە 38 كۆلیژی تر لە نێو زانكۆی ئەهلیەكانی دایەو ئەم ژمارەی كۆلیژانە بەبەراورد لەگەڵ ژمارەی قوتابیانی هەرێمی كوردستان تارادەیەك ژمارەیەكی باشە بۆ ئەم قوناغە.
بە گشتی چەند قوتابی لە زانكۆو پەیمانگاكانی هەرێم ئەم ساڵ وەرگیراون؟
رێژەی قوتابیانی ئەم ساڵ كە دەرچووی پۆڵی دوانزدەهەمن زیاترە لە ساڵی پار، بەڵام ژمارەی ئەو قوتابیانەی كە پێشكەشی زانكۆ و پەیمانگاكانیان كردووە كەمترە لە ساڵی پار. ئەمەش هۆیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردە كە بە بڕیاری (باشتركردنی كۆی نمرەكان) ناولێندراوە، كە بەپێی ئەم بڕیارە قوتابی ئەگەر لەهەموو وانەكانیشی سەركەوتووبووە بەڵام نمرەكانی باش نییە، دەتوانێت دووبارە پۆڵی دوانزدەهەم بخوێنێتەوە بۆ ئەوەی نمرەكانی بەرزبكاتەوە. بە رێژەیەكی بەرچاو قوتابیان خۆیان هێشتەوە سەرەرای ئەوەی كە سەركەوتووبوون. ئەم هەڵویستەی قوتابیان باری وەزارەتی خوێندنی باڵای هەندێك سووك كرد. وەزارەت نزیکەی 32000 قوتابی ئەم ساڵ وەرگرتووە.
وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق دان بە زانكۆ ئەهلیەكانی هەرێمی كوردستان دا نانێت.. بۆ؟
بەڵێ راستە نەك تەنها زانكۆ ئەهلیەكان، هەندێك لە زانكۆ نوێیەكانی تری هەرێمیش دانی پێ نەناوە وبۆ ئەمە هەندێك بیانووی زانستی دەهێنتەوە. بەڵام پێمان وایە ئەم بیانووانە زۆر بەهێز نین چونكە زانكۆكانی عیراق لە زانكۆكانی هەرێم باشتر نیین. وەزارەتی خوێندنی باڵا كار لەسەر پرۆژە یاسایەكی كردووە كە ئێستا لە پەرلەمانی عیراقی فیدرالیە و تایبەتە بە زانكۆ ئەهلیەكان. بەپێی ئەم پرۆژە یاسایە داوا لە حكومەتی عیراقی فیدرالی دەکرێت کە دان بە هەموو زانكۆ ئەهلیەكانی هەرێمی كوردستاندا بنێت. بەوهیوایەین کە پەرلەمانی عیراقی پەسەندی بکات.
سەبارەت بە بەرنامەی تواناسازی، پێش ماوەیەك قوتابیان كێشە و گرفتیان هەبوو، ئایا وەزارەت ئەم كێشانەی چارەسەر كردووە و بەرنامەکە بەردەوام دەبێت ؟
ئەمە بەرنامەیەكی زۆر گەورەبوو و نزیكەی 4500 قوتابی بەشداری ئەم بەرنامە بوونە و زۆربەی هەرە زۆری ئەم ژمارەیە رۆیشتوونە بۆ خوێندن تەنها نزیكەی 1000 قوتابی ماون نەرۆیشتوون. دیارە ئەم بەرنامەیە بێ كەم و كوری نەبووە بەڵام دەتوانین لە ئایندەدا باشتری بكەین. كێشەی سەرەكی قوتابیان كێشەی دارایی بووە و ئەم كێشەیەش گشتیە و هەموو هەرێمی گرتۆتەوە، بەڵام سەرەرای كێشەی دارایی هەرێم، حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی کاتی دەست بەكاربوونی كابینە هەشتەمەوە تائێستا، نزیكە بیست ملیون دۆلاری تەرخانكردووە بۆ ئەم بەرنامەیە بۆ ئەوەی بەردەوام بێت. پرۆسەی رۆیشتنی قوتابیان لەسەرەتای حوزەیرانی رابردووەوە راگیراوە بەڵام ئەو قوتابیانەی كە پێش ئەم رێكەوتە موعامەلاتی خۆیان تەواوكردووە بە بەردەوامی دەرۆن بۆ خوێندن.
كۆلیژی پزیشكی ئەهلی كێشەكەی لە چی دایە و وەزارەتی خوێندنی باڵا چون رەفتار لەگەڵی دا دەكات؟
خۆی شتێك نەبو بەناوی كۆلیژی ئەهلی ئەمە زیاتر قسەی میدیا بوو و باسی لێوە كرا و ئێمە چەندین لێدوانمان لەسەر ئەم بابەتە داوە، تەنها هەوڵێك هەبوو لە زانكۆی كوردستان بنەمایەك بۆ كۆلیژی پزیشكی ئەهلی دابنرێت، بەڵام كردنەوەی هەر كۆلیژێك لە هەر زانكۆیەك بە زانكۆی كوردستانەوە پێویستی بەرەزامەندی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەیە و ئێمە تائێستا رەزامەندیمان نەداوە چونكە لە بنەرەتدا ئەم زانكۆیە هیچ داواكاریەكی پێشكەشی وەزارەتیان نەكردووە بۆ كردنەوەی كۆلیژی پزیشكی. بۆیە ئەم كۆلیژە نەكرایتەوە و ئەگەر لە ئایندەدا زانكۆی كوردستان بیر لە كردنەوەی ئەم كۆلیژە بكات ئەو كاتیش پێویستی بە رەزامەندی وەزارەت دەبێت.
كرێى خوێندن لە زانكۆ ئەهلیەكانی هەرێم بەبەراورد لەگەڵ عیراق زۆر گرانە، لەبەر چی؟
هۆی یەكەم پەیوەستە بە باری بژێوی ژیانی هاوڵاتیانەوە كە لە هەرێمی كوردستان بەرزترە لە بەشەكانی تری عیراق. ئەمەش كاریگەری بەسەر هەموو بوارەكان، بە خوێندنیش، هەبووە. لە ساڵانی رابردوو كرێی خوێندن لە زانكۆ ئەهلیەكانی هەرێم زیاتر بووە لە ئێستا. بەڵام وەزارەت دوای دیراسەتكردن بەرە بەرە كرێی خوێندن كەمی كردۆتەوە تا بۆ ئێستا گەیشتوتە ئاستێكی رەوا. ئەم ساڵ، چەندین زانكۆی ئەهلی لە هەرێم داواكاری هەبوو بۆ بەرزركردنەوەی كرێی خوێندن بەڵام رەزامەندیمان لەسەر یەك داواكاری نەداوە و لەگەڵ ئەمەشدا وەكو وەزارەت هەوڵمانداوە كرێی خوێندن بۆ قوتابیان لە زانكۆ ئەهلیەكان بەشێوەی قیست بكرێت و قوتابی بتوانێت بە قیست ئەو بڕە پارەی بۆی دیاركراوە بدات.
زەماڵاتی خوێندن بۆ قوتابیانی هەرێم لە دەرەوەی وڵات، ئایا بۆ ئەم ساڵیش هەیە؟ چ بەرنامەی تر هەن کە وەزارەت پلانی بۆ دانابن؟
زەماڵات، خۆی ناتوانین بڵێین كە بەرنامەیەكی رێكخراوە بۆ هەر ساڵ دەبێت، بۆ نموونە لە ساڵی پار حكومەتی هەنگاریا دەستپێشخەریكرد بۆ وەرگرتنی ژمارەیەكی قوتابیانی هەرێم و بۆ ئەم ساڵیش حكومەتی هۆڵەندا دەستپێشخەریكردووە. راستە رەنگە ژمارەكە تا بیست كورسی خوێندن بێت بەڵام شتێكی باشە چونكە ئاستی خوێندن لە هۆڵەندا بەرdزە و سوودێكی باشی دەبێت.
هەروەها بۆ ساڵی ئایندە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەرنامەیەكی بەرفراوانی هەیە و ماوەیەك پێش ئێستا چەند پرۆژەیەکی راگەیاندووە، یەكێك لەو پرۆژانە رێزبەندیكردنی زانكۆكانە، لەگەڵ دامەزراندنی ئەنجوومەنێكی باڵا بۆ كاروباری لێكۆڵینەوەی زانستی. لە چەند حەفتەی داهاتوودا شێوەی كاركردنی ئەم ئەنجوومەنە رادەگەینرێت. لە ساڵی نوێدا وەزارەت تەئكید لەسەر دڵنیایی جۆری زانكۆكان دەكاتەوە و هەوڵی زیاتری پەرەپێدانی جۆری خوێندن دەدات بەمەبەستی زیاتر بەزركردنەوەی ئاستی زانستی قوتابیان و مامۆستایان و ئاستی خوێندن، بە شێوەیەكی گشتی لەزانكۆ ئەهلیەكاندا.
