فڕاكسیۆنی زەرد: یەكێك لەو بابەتانەی ڕووبەڕوومان دەكرێتەوە، نادادپەروەرییە لە مووچەدا.. پڕۆژەیەكمان ئامادەیە

فڕاكسیۆنی زەرد: یەكێك لەو بابەتانەی ڕووبەڕوومان دەكرێتەوە، نادادپەروەرییە لە مووچەدا.. پڕۆژەیەكمان ئامادەیە
سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، پێوەست بەو دوو مانگەی پشوو و كارەكانی فڕاكسیۆنی زەرد ڕایگەیاند، "بڕیارمان داوە كە ئەندامانی فڕاكسیۆنەكەمان لە نووسینگەكان ئامادەیی باشتریان هەبێت و، بتوانن زیاتر بپەرژێنە سەر كێشەكانی هاووڵاتیان، تا بە كردەوەیی نوێنەرایەتیی دەڤەرەكانی خۆیان و كوردستانیش بكەن." دەشڵێت، "یەكێك لەو بابەتانەی كە ڕووبەڕوومان دەكرێتەوە، نادادپەروەرییە لە مووچە و لۆدێكی زۆریشمان لەسەرە، بەڵام هاووڵاتیانیش هەقی خۆیانە".

سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان (ئومێد خۆشناو)، سەبارەت بە پشووی پەرلەمانی كوردستان و كاری ئەندامانی فڕاكسیۆنی زەرد لەو ماوەیەدا، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "هەرچەند شتێك لە پەرلەمان نییە بە ناوی پشوو، ئەوە پشووی وەرزی یاساییە، بەگوێرەی ئەو چاوەڕوانییەی ئێمە هەمانە لەو دوو مانگەدا چەند بابەتێكی گرینگ هەن كە لەوانەیە كۆبوونەوەی نائاساییان بۆ بكرێت. لەگەڵ ئەوەیشدا چەند پڕۆژەیاسایەك هەن و ئاراستەی لیژنە پەیوەنددارەكانی پەرلەمان كراون، ئێمە وەكو فڕاكسیۆنی پارتی هەوڵ دەدەین هەموو هەڤاڵانمان ئەوانەی كە لەنێو لیژنەكاندان، زۆر بەكارایی لەو ماوەی پشوودا كارەكانمان لە لیژنەكاندا تەواو بكەین".
(خۆشناو) گوتیشی، "وەكو فڕاكسیۆن چەند بەرنامەیەكمان هەیە بۆ دانان و ستراتیژییەتی ئەو وەرزەی كە دێتە پێش، كە وەرزی نوێی تەشریعییە، تا بتوانین ئامادەكاری بۆ چەند پڕۆژەیاسایەك بكەین، لەگەڵ ئەوەیشدا ئەندامانی پەرلەمان كە لە دەڤەرە جیاوازەكانن، بڕیاری فڕاكسیۆنمان هەیە كە لە نووسینگەكاندا ئامادەیی باشتریان هەبێت".
پێوەست بەو كێشە دیارانەی هاووڵاتیان كە ئاراستەی پەرلەمان و فڕاكسیۆنی پارتی دەكەن، (ئومێد خۆشناو) گوتی، "یەكێك لەو بابەتانەی كە زۆر ڕووبەڕوومان دەكرێتەوە، نادادپەروەرییە لە مووچە و لۆدێكی زۆر لەسەر ئەندامانی پەرلەمان هەیە، هاووڵاتیانیش هەقی خۆیانە، بۆیەیش ئێمە لە ماوەی رابردوودا وەكو فڕاكسیۆنی پارتی پڕۆژەیاسایەكمان پێشكەش كرد بۆ پێداچوونەوە بە مووچەی پلە تایبەتەكان، لەگەڵ ئەوەیشدا ئەمڕۆ كێشەی مووچە و كەمیی مووچەی پێشمەرگە و پێداویستییەكانیان و ژیان و گوزەرانی هێزەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە، خەمی ئێمە و هاووڵاتیانیشە. لەگەڵ هەموو ئەو بابەتانەی كە پەیوەستن بە ژیان و گوزەرانیانەوە، یاخود ئەو بیرۆكانەی كە هەیانە و پەیوەندی دەكەن و داواكارن وەكو پڕۆژەیاسا پێشكەش بكرێن، بە تایبەت بابەتە سەرەكییە پرسی مووچەیە كە هەمیشە جەختی لەسەر دەكرێتەوە".

سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمان دەشڵێت، "هەنگاوەكانمان بۆ چارەكردنی ئەو كێشانە دەست پێ كردوون و لە ماوەی رۆژانی رابردوویشدا كەسانی پسپۆڕی بواری ئابووری كە لە فڕاكسیۆنی پارتی هەن، پڕۆژەیەكمان بۆ پێداچوونەوە بە مووچەی پلە تایبەتەكاندا ئامادە كردووە".
Top