مەخموور... پێشمەرگە هێرشێكی گەورەی داعشی تێكشكاند
كەمێك پێش ئێستا چەكدارانی داعش بە هێزێكی زۆر هێرشێكی گەورەیان كردە سەر هێزەكانی پێشمەرگە لە گوندی سولتان عەبدواللە سەر بە قەزای مەخموور، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە بەرپەرچی هێرشەكەی داعشیان دایەوە و تێكیان شكاندن.
د. ئاراس حەسۆ میرخان، جێگری سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور و گوێر، تایبەت بە خەندانی راگەیاند "كەمێك پێش ئێستا داعش بە هێزێكی زۆر هێرشی كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە گوندی سولتان عەبدواللە سەر بە قەزای مەخموور، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە هێرشەكەی داعشیان تێك شكاند".
وتیشی: "لە ئێستادا پێشمەرگە بە دوای جەنازەكانی داعش دەگەڕێن و زیانەكانیان دەستنیشان دەكەن".
لەلایەكی ترەوە سەرچاوەیەك نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بە خەندانی راگەیاند "سەرەتا پێشمەرگە پاشەكشەی كرد لە گوندەكە، بەڵام دواتر فڕۆكە جەنگییەكان بۆردوومانی داعشیان كرد و دووبارە پێشمەرگە هێرشیان كردەوە".
وتیشی: "سێ پێشمەرگە شەهید بوون، بەڵام زۆر لە چەكدارانی داعش كوژراون، لە ئێستاش دا پێشمەرگە سەرقاڵی گەڕانن تاوەكو لە دووبارە هێرشكردنەوەی داعش دڵنیا بن و بزانن گوندەكە كەسی تێدا نەماوە تا زیان بە پێشمەرگە نەگات.
