نێچیرڤان بارزانی سه‌ردانی میحوه‌ری ڕۆژائاوای دیجله و ناوچه‌ی زوممار ده‌كات
پاشان به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ناوه‌ندی شارۆچكه‌ی زومماری به‌سه‌ر كرده‌وه و سه‌ردانی هه‌ردوو باره‌گای لیژنه‌ی ناوچه‌ی زومماری پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆمیته‌ی زومماری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی كرد، كه ته‌نیا دوو باره‌گای حیزبه كوردستانییه‌كانن دوای ڕزگاركردن و ده‌رهێنانه‌وه‌ی زوممار له ده‌ست تیرۆرستانی داعش، گه‌ڕاونه‌ته‌وه شارۆچكه‌كه. له دوو دیداری جیا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌ردوولادا، باس له ڕه‌وشی شارۆچكه‌كه و گه‌ڕانه‌وه‌ی دانیشتوانی و پێداویستی و خزمه‌تگوزارییه‌كان كرا و به‌تایبه‌تیش جه‌خت له كێشه‌ی نه‌بوونی كاره‌با و په‌له‌كردن له گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هێڵی كاره‌بای نیشتمانی كرا. به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانیش ڕایگه‌یاند كه لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كان ڕاده‌سپێرێت تا به زووترین كات كار له‌سه‌ر ئه‌م كێشه‌یه بكرێت و هه‌وڵی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان بدرێت.
دوای نیوه‌ڕۆش له دوایین وێستگه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ ئه‌و سنووره، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، باره‌گای ده‌سته‌ی نه‌وتی نه‌ینه‌وا و كۆمپانیای نه‌وتی باكووری له عه‌ینزاله به‌سه‌ر كرده‌وه. له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسان و سه‌رپه‌رشتیارانی ده‌سته و كۆمپانیاكه، بارودۆخی ناوچه‌كه و سروشتی كار و گرنگیی پاراستنی ئه‌و دامه‌زراوانه، دوای پاككردنه‌وه‌یان له تیرۆرستانی داعش، خسته به‌ر باس و تاوتوێ كرد.
