باشیك..پێشمەرگە بە سەختی بۆردوومانی داعشی كرد.. 11 تیرۆریست كوژران
بەرپرسی میحوەری باشیكی هێزەكانی پێشمەرگە (حەمید ئەفەندی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، "لە سەعات 2-ی شەوی ڕابردوودا دەستنیشانی شوێن و مۆڵگەكانی تیرۆریستانی داعشمان لەناو باشیك كرد و، ئەمڕۆیش تۆپخانەكانی هێزەكانی پێشمەرگە و فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان تۆپبارانی مۆڵگەكانی تیرۆریستانی داعشیان كرد و توانییان زەرەر و زیانێكی یەكجار گەورەیان پێ بگەیەنن.
(حەمید ئەفەندی) دەشڵێت، بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی بەردەستن، 11 تیرۆریست كوژراون و ژمارەیەكی دیكەیش بریندار بوون.
بەرپرسی میحوەری باشیك ئاماژەیشی دا، تۆبخانەكانی هێزەكانی پێشمەرگە تامەزرۆی بینینی جموجۆڵی تیرۆریستانی داعشن، بۆ ئەوەی یەكڕاست بۆردوومانیان بكەن و لەناویان بەرن.
هەروەها گوتیشی كە، "تیرۆریستان ناوێرن نزیك ئێمە بكەون و هەندێ جار لە كاتی بۆردوومانی سەخت بۆ سەر داعش، وەها سەریان لێ دەشێوەێت لە جیاتی بۆ پاشەوە رابكەن بەرەوڕووی ئێمە دێن و لێیان تێك دەچێت و نازانن چییان بەسەر دێت".
