ڕاگەیێندراوێك لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی نامەكەی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان بابەتێكی ستراتیژییە و پەیوەندیی بە بەرژەوەندییە نەتەوەییەكان هەیە و داواكاریی گشت لایەنە سیاسییەكان و هێزەكانی پێشمەرگەیە. نامەكەی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش درێژەپێدەری ڕەوتی چاكسازی و هەوڵدانە بۆ بەنیشتیمانیكردنی دامودەزگەی سەربازیی هەرێم و دوورخستنی دەستی حزبایەتی لەناو هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
ئەو بابەتە لە ئەنجامی ڕاوێژی نێوان سەرۆك بارزانی و جەنابی مام جەلال و سەركردایەتیی پارتی و یەكێتی هاتووەتە ئاراوە و پێشتر بە تێروتەسەلی قسەی لەبارەیەوە كراوە و پێویست ناكات پرس بە كەس بكرێت. زیاتر لە هەموو لایەنێكیش یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان پەلەی ئەوەی هەبووە كە بۆ بەنیشتیمانیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە هەنگاوی عەمەلی بنرێت. ئەگەر بۆچوونێكیش لەناو هەر لایەنێك هەبێت كە دژی پڕۆسەكە بێت ئەوە دژی خواست و بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستانە.
پێویستە پڕۆسەی بەنیشتیمانیكردنی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان سەربكەوێت و هەموو لایەك پاڵپشتی بن و كەسیش ناتوانێ ڕێگریی لێبكات. ئەگەر كەسێكیش بیەوێت كۆسپ لەبەردەم پڕۆسەیەكی وا بایەخداری نیشتیمانی دروست بكات دەبێ خۆی تەحەمولی بەرپرسیارێتی بكات.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
30ـی 12ـی 2014
