میلیشیا شیعەكان لە جەلەولا هەوڵی گەڕانەوەی هۆزی كروی دەدەن.. ناسنامەیان دەگۆڕن و خۆیان بە شیعە ناونووس دەكەن
بەرپرسی لقی 15-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین (شێخ جەعفەر شێخ مستەفا)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "هەفتەی رابردوو ئەندامانی عەشیرەتی كروی بۆ جەلەولا گەڕانەوە و خۆیان وەك پۆلیس ناساند، بەڵام هێزی پێشمەرگە وەدەریان نان، لە ئێستادا سەرۆكی رێكخراوی بەدر بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی عێراق لە دیالە ئەندامانی عەشیرەتی كروی ناو وعەشیرەت و مەزهەبیان بۆ شیعە دەگۆڕن و بە پۆلیسی ناو جەلەولا ناونووسیان دەكەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە و زانیاریی دروستیشمان لەو بارەیەوە بە دەست گەییشتووە".
(شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) گوتیشی، لە ئێستادا میلیشیا شیعەكان لەناو جەلەولا هەن و تاڵانێكی زۆری ماڵانیان كردووە و ئەوانەی ماڵەكانیان ماوە و تاڵان نەكراوە، لە قایمقامییەتی خانەقین نووسراوێك دەهێنن و ماڵەكانیان لە ترسی تاڵانكردن دەگوازنەوە.
بەرپرسی لقی 15-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین ڕوونیشی كردەوە، لە ئێستادا میلیشیا شیعەكان داوا دەكەن كوباشییش رادەستی ئەوان بكرێت، هەر چەندە خۆیشیان لەوێ بە هاوبەشی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە هەن.
ئەو بەرپرسەی پارتی راشیگەیاند، تا ئێستا مینێكی زۆر لە جەلەولا ماوە و تیمە ئەندازیارییەكان لە پاككردنەوەیان بەردەوامن، بەڵام ئەگەر لە مینیش پاك بكرێتەوە، ئەستەمە جارێ خەڵك بگەڕێتەوە، چونكە هیچ خزمەتگوزراییەكی تێدا نییە.
عەشیرەتی كروی بە بەردەوام دژایەتیی كوردی كردووە و دوای هاتنی داعشیش پشتگیریی ئەوانیان كرد و شەڕی هێزی پێشمەرگەیان دەكرد و پێشمەرگەیش لەسەر دەستی ئەندامانی ئەو عەشیرەتە شەهید بوونە، بۆیە هێزی پێشمەرگە بە هەموو شێوەیەك گەڕانەوەی ئەو عەشیرەتە بۆ جەلەولا رەت دەكەنەوە.
