سەرۆكی كوردستان بەڵێنەكەی بۆ ئێزیدیان بەجێ هێناو هەر ئەوەش چاوەڕوان دەكرا

سەرۆكی كوردستان بەڵێنەكەی بۆ ئێزیدیان بەجێ هێناو هەر ئەوەش چاوەڕوان دەكرا
لە راپۆرتێكی گۆڤاری گوڵاندا بابە شێخ خرتۆ مەرجەعی ئاینی گشتی ئێزیدی دەڵێ: (ئێمە وەكو كوردی ئێزدی بەو پلان و هەوڵانەی سەرۆك بارزانی سەرۆكی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان زۆر دڵخۆشین كە شنگال و سنوورەكەی لە دەست تیرۆرستانی داعش رزگار كرد، هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەكرد بەم نزیكانە شوێنەكانی ئێزیدی ئازاد بكرێت و لەدەست چەكدارانی داعش پاكبكرێتەوە، بەتایبەتی شنگال كە بۆ ئێزدیەكان پیرۆزەو شوێنی دێرینی مێژووییمانە، جەنابی مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان سۆزيدابوو كە شەخسی خۆی بەشداری لە رزگاركردنی شنگال دەكات و دەچێتە سەر چیای شنگال، ئەوەبوو بە پلانێكی تۆكمەو وردو زانستی بە كەمترین قوربانی بە پاڵپشتی تەنیا هێزی پێشمەرگە شنگال و زۆربەی سنوورەكە پاككرایەوە، بەڵێنەكەی بۆ ئێزیدیان جێبەجێ كردو چووە سەر چیای شنگال و سەردانی مەزاری شەرەفەدینیشی كرد.

شێخ خرتۆ گوتی: مێژوو ئەم سەركەوتنە بۆ سەركردەیەكی سەركەوتوو و پێشمەرگە ئازاكانی دەنووسێتەوە، هەر ئەمەشم لە سەرۆكی كوردستان چاوەڕوان دەكرد، من وەكو مەرجەعی گشتیی ئێزیدی رێزو خۆشەویستیم بۆ سەرۆكی كوردستان و هێزی پێشمەرگە هەیە، ئەمڕۆ هەموو ئێزیدیەك پێشمەرگەیەو رێزی بۆ فیداكاریی و شەهیدبوونی رۆڵەكانی كوردستان هەیە، سەرۆكی كوردستان هەموو كات خۆی بە پێشمەرگە زانیوە بۆ پاراستنی خاك و خەڵكی كوردستان تەنانەت پێشمەرگایەتی لەلای ئەو لەهەموو پۆست و پلەو پایەیەك پیرۆزتر بووە. داواكاریشم لەجەنابی بارزانی بۆ ئەوەی ئەم ناوچەیە جارێكی تر كارەساتی وا دڵتەزێن بەخۆیەوە نەبینێت و دوژمنان چاوی تەماعی تێنەبڕن هێزێكی پێشمەرگەی بەتواناو پڕ چەك لەسنوورەكە جێگیر بكات و سەنگەرو سنوورەكان تووند بكرێت، هەروەها داوا لەسەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم قەرەبووی ئەو زیانە زۆرەی ئێزیدی و ناوچەكەیان بكرێتەوه.

شایانی باسە بابە گوتی: ، پێمان خۆشە لەدوای رزگاركردنی تەواوی سنوورەكە و گەڕانەوەی خەڵكەكەی شنگال و تەواوی دەڤەری ئێزدیەكان ئاوەدان بكرێتەوە و ئیدارەیەكی سەربەخۆی سەر بەكوردستان بۆ شنگال دانرێت. لەم كارەساتەدا بۆمان دەركەوت كە خەڵكی كوردستان و سەرۆك و پێشمەرگەكانیان چەند دڵسۆزی ئێزدین، كە سەڕەرای نەهامەتی و بێ توانایی و خراپی بژێوی ژیانیان توانیان پێشوازی لەو ژمارە زۆرەی ئاوارە بكەن، ئەم هەڵوێستەش بە بەرزو گرنگ دەزانین).


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە (1007)
Top