بودجەی ئەمساڵی عێراق زیاتر لە 23 ترلیۆن دینار كورت دەهێنێت
ئەحمەد حاجی هەروەها گوتی: پڕۆژە یاسایە سێ بەشە، بەشێكیان پێی دەگوترێت سەروەریی كە هەر لە ناو ئەم 123 ترلیۆنەدایە، بودجەی سەروەری 25 بڕگە لە خۆی دەگرێت، گرنگترین بڕگەیان بریتییە لە بەرگری كە نزیكەی 14 ترلیۆن دیناری پێویستە، كە بەرزترین رێژەیە و دەشكرێت هەموو بودجەیەك ناوزەد بكرێت واتە بەچیدا دەناسرێتەوە بەوەی كە زۆرتیرن پارە بۆ چ سێكتەرێك خەرج بكرێت پێی دەوترێت بودجەی ئەو شتە بە ناوی سێكتەرەكەوە، كەواتە دەتوانین لەم رووەوە بە بودجەی عێراق بڵێین بودجەیەكی(دیفاعیە)، بەرگریكردنە كە بودجەیەكە لە كاتێكدایە كە عێراق رووبەڕووی هێرشێكی زۆر ناڕەوای تیرۆریستی بۆتەوە، لەبەرئەوە زۆرترین پارە لە بودجەكەدا بۆ بوارەكانی بەرگری تەرخان كراوە، پاش ئەم سێكتەرە وزە دێت كە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە دووەمین گرفت لە عێراقدا هەمانبێت بریتیە لە گرفتی وزەو بە تایبەتیش كارەبا، لە پاش ئەمانیش سێكتەرەكانی دیكەن كە هەر یەكەیان بە رێژەیەكی تایبەت هاتوون، ئەو بودجەی كە 25 سێكتەرەكە لە خۆی دەگرێت، چەند بەرز ببێتەوە بە زیانی كورد تەواو دەبێت، چونكە لە بودجە گشتیەكە ئەم رێژەی 25 سێكتەرەی لێ دەردەكرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە پێی دەگوترێت بودجەی حاكیمە، ئەویشش چەند بڕگەیەك لەخۆ دەگرێت كە یەكەمیان كۆبوونی خۆراكە، لەم بوارەیاندا 17%ی پیتاكی خۆراك بۆ كوردستان خەرج دەكرێت.
شایانی باسە حاجی هەروەها گوتی: پارێزگای هەڵەبجە پشكی تایبەتی بۆ دانەنراوە، چونكە ئەو بڕیارەی كە دراوە بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بڕیارەكە لە پەرلەمانی كوردستان دراوە و تا ئێستا ئەو بڕیارە لە پەرلەمانی عێراقدا نییە، بۆیە پێویستە پەرلەمانی كوردستان كاتێ لێرە ئەم بودجەیەی خۆی مەزەندە دەكاتەوەو تەسدیقی دەكاتەوە تەنیا بێت پشكی پارێزگاكان لە سێ پارێزگاوە بكاتە چوار پارێزگا و پشكەكەی جیا بكاتەوە، تا بە شێوەیەكی سروشتی ئەو چاوەڕوانییەی خەڵكی هەڵەبجە لە حكومەتی هەرێمیان هەیە، جێبەجێ دەبێت، ئەو بڕەی كە لە خەرجییەكان دەمێنێتەوە پاش ئەوەی سەروەری و حاكیمەوە و پەرەپێدانی هەرێمەكان و پترۆدۆلارمان لێ دەركرد، ئەوەی كە دەمێنێتەوە لە 17%ی بودجەكە بەر كورد دەكەوێت كە بریتییە لە بڕی15 ترلیۆن و 440 ملیار دینار.
لە كۆتاییدا حاجی گوتی: لە بودجەی ئەمساڵدا، پرسی پێشمەرگەمان هەیە كە یەكێكە لەو خاڵانەی كە زۆر گرنگە بۆ ئێمە، بێگومان بودجەكانی پێشوو كۆمەڵێك سزای تێدا بوو بەرانبەر هەرێمی كوردستان، پاش ئەوەی لەم دواییەدا كۆمەڵێك دانوستاندنی لەسەر كراوە، نەماون، یەكێك لەو دانوستاندنانەی كە كراوە ئەوەیە چەندێك نەوت هەناردە بكرێت، رێككەوتنەكە بەو شێوەیە بووە 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم و 300 هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك لە بۆڕییەكانی كوردستانەوە رۆژانە هەناردە بكرێت، پارەكەشی دەچێتە سەر حیسابی دی ئێف ئای، ئەمە یەكێكە لەو خاڵانەی كە هەرێمی كوردستان خۆی بەم رێژەوە پێوەی پابەند كردووە. بەپێی ئەم رێككەوتنە حكومەتی ناوەند بڕی ئەو پازدە ترلیۆن و چوار سەد ملیار دینارە دەبێت بنێرێت بۆ حكومەتی هەرێم، ئینجا مانگانە دەینێرێت و پارەكە دابەشدەكرێت سەر دوازدە مانگ و هەر مانگێك ترلیۆنێك و دوو سەدو پەنجا ملیارێكی بەردەكەوێت، هەر كاتێك حكومەتی ناوەند پارەكەی نەنارد، هەرێمی كوردستانیش نەوتەكەی نانێرێت و داهاتەكەی بەیان ناكات.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە (1007)
