سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کڕینی ئۆتۆمبێلی بۆ پەرلەمانتاران هەڵوەشاندەوە

 سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کڕینی ئۆتۆمبێلی بۆ پەرلەمانتاران هەڵوەشاندەوە
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ بۆ تاوتوێکردنی کڕینی ئۆتۆمبێل بۆ پەرلەمانتاران کۆبوونەوەو دواجار بڕیاردرا ئۆتۆمبێل بۆ پەرلەمانتاران نەکڕدرێت. هەرچەندە سەرۆکایەتی پەرلەمان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت " بڕیاری پێشوومان هیچ بەهەدەردانێکی سامانی گشتی تێدا نەبوو".

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا، کە کۆپییەکی بۆ رووداو ناردووە، رایگەیاند "لەبەرئەوەی بڕیاری کڕینی ئۆتۆمبێل بۆ پەرلەمانتاران بووە جێگەی ناڕەزایی بەشێکی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و بەو پێیەی سەرجەم دەسەڵاتەکانی هەرێم دەبێت گوێ لە خەڵکی کوردستان بگرن، بەتایبەت پەرلەمانی کوردستان کە نوێنەرایەتییان دەکات، بۆیە بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان بڕیارماندا کە ئەم پڕۆسەیە هەڵبوەشێنینەوە، سەرەڕای ئەوەی هەمو لایەک دڵنیادەکەینەوە کە بڕیاری پێشوومان هیچ بەهەدەردانێکی سامانی گشتی تێدا نەبوو".

ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: گوێمان لە خەڵک گرت و بڕیاری کڕینی ئۆتۆمبێلەکانمان هەڵوەشاندەوە.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات، کە لە تۆڕە کۆمەڵاتیەتییەکان هاووڵاتیانی باشووری کوردستان نیگەرانیی خۆیان لەو بڕیارەی پەرلەمان بەشێوەیەکی تووند دەربڕی و پێیانوابوو لەم کاتەدا کە هەرێمی کوردستان بە قەیرانی داراییدا تێدەپەڕێت، کڕینی 109 ئۆتۆمبێل بۆ پەرلەمانتاران کارێکی گونجاو نییە.

لە کاردانەوەی ئەو بڕیارەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیش، پەرلەمانتارێکی گۆڕان داوادەکات سەرۆکایەتی پەرلەمانیش ئۆتۆمبێلەکانیان رادەست بکەنەوە.

ئێڤار ئیبراهیم، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەبێت هاوشێوەی پەرلەمانتاران، کە بە تاکسی و ئۆتۆمبێلی خۆیان هاتووچۆ دەکەن، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیش ئۆتۆمبێلەکانیان رادەستی پەرلەمان بکەنەوە ، کە ماوەی ساڵێکە بەکاریدەهێنن".

گوتیشی: "ژمارەیەک پەرلەمانتار و 70 راوێژکاری پەرلەمان ئۆتۆمبێلی پەرلەمانیان لایەو پێویستە ئەوانیش رادەستی بکەنەوە".

دەقی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمان

پەرلەمان ئۆتۆمبێل بۆ پەرلەمانتاران ناکڕێت.!
بەیاننامەیەک لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانەوە.

چەند رۆژێکە ناڕەزایەتییەکی گەورە لە ئاستی جەماوەری دروست بووە سەبارەت بە بڕیاری کڕینی ئۆتۆمبێل بۆ ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەی قیست لەسەر موچەکەیان و، هەندێکیش ئەم مەسەلەیان قۆستووەتەوە بۆ هێرشێکی ناڕەوا بۆ سەر پەرلەمانی کوردستان.

ئێمە کاتێک ئەم بڕیارەماندا، بۆ کۆتایی هێنان بوو بەو عورفەی هەر ئەندامێکی پەرلەمان و وەزیر و ڕاوێژکارێک ئۆتۆمبێلی بۆ بکڕێت لەسەر حسابی بودجەی گشتی و، بۆ ئەوە بوو پارەی ئۆتۆمبێل و بەنزین و سیانەی لەسەر حیسابی ئەو کەسە بێت کە خۆی دەیکڕێت، نەک لەسەر حسابی خەڵکی کوردستان و، ئەمەش نەبێتە بەهەدەردانی سامانی گشتی. بەڵام لەبەر ئەوەی بەم شێوەیەش هێشتا جێگەی ناڕەزایی بەشێکی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانە و بەو پێیەی سەرجەم دەسەڵاتەکانی هەرێم دەبێت گوێ لە خەڵکی کوردستان بگرن، بەتایبەت پەرلەمانی کوردستان کە نوێنەرایەتییان دەکات، بۆیە بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان بڕیارماندا کە ئەم پڕۆسەیە هەڵبوەشێنینەوە، سەرەڕای ئەوەی هەمو لایەک دڵنیادەکەینەوە کە بڕیاری پێشوومان هیچ بەهەدەردانێکی سامانی گشتی تێدا نەبوو.

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
٢٨-١٢-٢٠١٤
Top