شنگال.. پێشمەرگە دوو هێرشی داعشی لە شنگال تێكشكاند

 شنگال.. پێشمەرگە دوو هێرشی داعشی لە شنگال تێكشكاند
فەرماندەیەكی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ شەممە 27ـی کانوونی یەکەمی 2014، داعش لەنێو شنگال دوو هێرشی كردە سەر هێزەكانی پیشمەرگە و لە هەردوو هێرشدا تێكشكێنرا.

عەمید بەهرام یاسین، فەرماندەی لیوای حەوتی هێزی پێشمەرگە لە شنگال، رایگەیاند، كە ئەمڕۆ داعش بە چەكی قورس و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو هێرشێكی كردە سەر بارەگاكانی پێشمەرگە لە گەڕەكی برایەتی لە نێو شنگال و ئۆتۆمبێلەكەیان لە نزیك بارەگای پێشمەرگە تەقاندەوە و بە هۆیەوە پێشمەرگەیەك شەهید بوو، دوو پێشمەرگەش بریندار بوون، بەڵام لەلایەن پێشمەرگەوە وەڵامدراونەتەوەو هێرشەکە تێكشكێنرا.

ئەو فەرماندەیە هەروەها گوتی، دوای ئەوە جارێكی دیكە هێرشیان كردەوە سەر پێشمەرگە و لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە ئەو هێرشەش تێكشكێنرا و ژمارەیەكی زۆر چەكداریان لێ كوژراوە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ژمارەی كوژراوەكان بكات.

رۆژی 17ـی کانوونی یەکەمی 2014 ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەی شنگال دەستیپێكرد و پێشمەرگە ناوچەیەكی زۆری كۆنتڕۆڵكردەوەو گەیشتە نێو شنگال.









رووداو
Top