عەلی لاریجانی جه‌ختى له پەرەپێدانی په‌یوەندی ئابوورى و بازرگانی نێوان ئێران و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌درێژه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی دكتۆر عه‌لی لاریجانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی شورای ئیسلامی كۆماری ئیسلامی ئێران (په‌رله‌مان) سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد و له‌لایه‌ن دكتۆر یوسف محه‌مه‌د سادق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان و ژماره‌یه‌ك له راوێژكارانی په‌رله‌مانی كوردستان به گه‌رمی پێشوازی كرا.
دواتر له دانیشتنێكدا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی شورای ئیسلامی كۆماری ئیسلامی ئێران خۆشحاڵی خۆیانی به‌دیداری سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان و راوێژكاران نیشاندا و جه‌ختی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی له‌مێژینه‌ی هه‌ردوولا به‌تایبه‌ت له‌رۆژگاره سه‌خته‌كانی سه‌رده‌می رژێمی دیكتاتۆری كرده‌وه و رایگه‌یاند: "له‌و كاته‌ی زوڵم له‌م گه‌له كرا له‌گه‌ڵتان بووین و له‌و كاتانه‌ش كه به‌سه‌ر رژێم سه‌ركه‌وتن پشتیوانیمان كردن بۆ دامه‌زراندنی حكومه‌تێكی دیموكراتی".
پاشان تیشكی خسته سه‌ر په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌كانی هه‌ردوولا و ئاماژه‌ی به‌و پێشكه‌وتنانه‌دا كه هه‌رێمی كوردستان به‌خۆوه‌ی بینیوه و هیوای خواست په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌كانی هه‌ردوولا زیاتر په‌ره‌بسێنێ.
له‌باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆریستانی داعش بۆ ناوچه‌كه، دكتۆر عه‌لی لاریجانی وتی: "ئه‌مانه گروپێكی فه‌سادن له‌ناوچه‌كه و هیوای سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازین و له‌گه‌ڵتانین"، هه‌روه‌ها هیوای خواست په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌ردوولا له‌ئاسته جیاوازه‌كاندا پتهوتربكرێ.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه دكتۆر یوسف محه‌مه‌د سادق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ستایشی ئه‌م سه‌ردانه‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی شورای ئیسلامی ئێرانی كرد و به‌قۆناغێكی تری پته‌وكردنی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوولای وه‌سف كرد و هیوای خواست په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو په‌رله‌مان كه نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی هه‌رێمی كوردستان و گه‌لی ئێران ده‌كات له‌ئاست ویست و داخوازی هه‌ردوولا بێ.
هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه داعش مه‌ترسی راسته‌قینه و هاوبه‌شه و پێویسته هه‌موومان رووبه‌رووی ببینه‌وه، له‌كۆتاییشدا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان كرده‌وه.
