نێچیرڤان بارزانی: نابێت وڵاتەكەمان بۆ دوژمنان چۆڵبكەین
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی ساڵی نوێ و جەژنی لەدایكبوونی مەسیح، وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند، درك بە دەردەسەری هاووڵاتیانی خۆشەویستی مەسیحی دەكەین، بەڵام نابێت لەبەرامبەر هەڕەشەكان وڵاتەكەمان بۆ دوژمنان چۆڵبكەین.
بارزانی هەروەها گوتی،" چەندین وڵات بەهانای کوردستانەوە هاتوون، هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بووەتە دوورگەیەکی ئاشتی و خەونی گشت پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە پێکەوە ژیانی ئاشتیانەیە". گوتیشی،" هەموو پێکهاتەکانی کوردستان بە هانای مەسیحییەکانەوە هاتن، لە هەفتەی رابردوودا چەندین گوندی مەسیحییەکان رزگارکران و هەوڵی جیددی رزگارکردنی دەڤەرەکانی مەسیحییەکان جێگەی خۆشحاڵیمانە".
سەرۆكی حكومەت لە وتارەكەیدا كە لە ناحیەی عەنكاوەی شاری هەولێر ئەمشەو 24/12/2014 پێشكەشیكرد، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە مەسیحییەکان رەگ و ریشەی هەزاران ساڵەیان لەو وڵاتەدا هەیە، هەموو ئایینەکان بۆ ئاشتی و ئارامی و یەکترقبووڵکردن هاتوون و ئەوانیش دەتوانن لێرە دابونەریتی خۆیان بپارێزن.
رووداو
