وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا: كۆنترۆڵكردنەوەی شنگال گرنگییەكی زۆری هەبوو

وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا: كۆنترۆڵكردنەوەی شنگال گرنگییەكی زۆری هەبوو
پاولۆ جێنتیلۆنی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، پیرۆزبایی سەركەوتنە سەربازییەكانمان لە نێچیرڤان بارزانی كرد و توانای پێشمەرگە بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی شنگال گرنگییەكی گەورەی هەبوو.

لە كۆنگرەكەدا كە ئێوارەی ئەمرِۆ سێشەممە 23/12/2014 لە هەولێر بەڕێوەچوو، پاولۆ جێنتیلۆنی گوتی،" 280 راهێنەری ئیتاڵی راهێنان بە پێشمەرگە دەكەن و ئێستا 35 لەو راهێنەرانە گەیشتوونەتە هەولێر، دەمانەوێت لە بواری كولتووریشدا پەیوەندییەكانمان لە گەڵ كوردستان بەرەو پێشەوە ببەین".

جێنتیلۆنی هەروەها گوتی،" ئەو سەرکەوتنەی لە هەرێمی کوردستان دروستبووە، بووەتە هۆی ئەوەی لە رووی ئابوورییشەوە بیر لە هەماهەنگی زیاتر بکەینەوە و بیر لە هاوکاریی مرۆییش دەکەینەوە بۆ ئاوارەکان بە تایبەت ئێستا كە وەرزی زستانە".

وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە تاوەكو ئێستا 23 بار هاوكاری سەربازییان بۆ كوردستان ناردوون و بەردەوامیش دەبن لە ناردنی هاوكارییەكان. گوتیشی:" ئەو چەکانەی بۆ کوردستانمان ناردوون چەکی سووک و دژە تانكن". باسی لەوەش كرد،" هاوکارییە سەربازییەکانی ئیتاڵیا لە رێگەی بەغداوە گەیشتوونەتە کوردستان، رێز لە داواکاری بەغداش دەگرن بۆ پشکنینی ئەو فڕۆکانەی هاوکاری دەگەیەننە کوردستان".

لە بەرامبەردا نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئیتاڵیای كرد بۆ ئەو هاوكارییانەی پێشکەشی کوردستانیان کردووە. لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانیشدا سەبارەت بە كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ و پاراستنی مەسیحییەكان بارزانی گوتی،" بەبێ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەموسڵ پاراستنی مەسیحییەکان ئاسان نییە، کاتێکی دیاریکراویش نییە بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارە مەسیحییەکان بۆ زێدی خۆیان".

لەبارەی رێككەوتنەكەی هەولێریش لەگەڵ بەغدا، سەرۆكی حكومەت گوتی،" دوای دەستبەکاربوونی عەبادی لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ بەغدا کرایەوە، لەسەرەتای ساڵی داهاتووەوە بودجە لە بەغدا وەردەگرین".
Top