قەرەداخی پیرۆزبایی سەرکەوتنی پێشمەرگە لە بارزانی دەکات

قەرەداخی پیرۆزبایی سەرکەوتنی پێشمەرگە لە بارزانی دەکات
د.عەلی قەرەداخی، ئەمینداری یەکێتی جیھانی زانایانی موسڵمان لە پەیامێکدا پیرۆزبایی سەرکەوتنەکانی ھێزی پێشمەرگە لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و مستەفای سەید قادر، وەزیری پێشمەرگەو سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکات.

قەرەداخی دەڵێت:" سەرکەوتنی ھێزەکانی پیشمەرگەی کوردستان لە شەڕەکانی جەلەولاو سەعديیەو شنگال، مایەی دڵخۆشی بوو بۆ ھەموو لایەکمان، چونکە ئەم سەرکەوتنانە لەلایەک نیشانەی ئیرادەی بەھێزی گەلی کوردستان بوون بۆ رووبەڕووبوونەوەی ھێزی تاریکپەرست و رەشی گرووپی تیرۆریستی داعش، کە پێچەوانەی ھەموو بنەمایەکی ئایینی و مرۆڤ دۆستی بوو".


ئەمینداری یەکێتی جیھانی زانایانی موسڵمان جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە كە سەرکەوتن و پێشڕەوی پێشمەرگە وانەیەک بوو بۆ ھەموو ئەو ھێزو لایەنانەی لەو بڕوایەدابوون بەم رێگایە دەتوانن شکست بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بھێنن.

عەلی قەرەداخی لە بەیاننامەکەدا دەڵێت:" بەبۆنەی ئەم سەرکەوتنانەوە پیرۆزبایی لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و وەزیری پێشمەرگەو ھەموو ھێزو لایەنە سیاسییەکان و پێشمەرگە قارەمانەکان و ھاووڵاتیانی بەشەرەفی کوردستان دەکەم، داواكارم کە یەک گوتار و یەک ھەڵوێستیان بپارێزن".

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەی قەرەداخیدا ھاتووە:" ھیواموایە ئەمە سەرەتای دروستکردنی سوپایەکی یەکگرتووی کوردستانی بێت، کە وەک دامەزراوەیەکی بەھێز کار بکات و موڵکی ھەموو ھاووڵاتییەکی کوردستان بێت و ھەموو کۆمەکییە نێودەوڵەتییەکانیش لەچەک و مەشقی سەربازی سەرەتای قۆناخێکی نوێ بێت بۆ بنیاتنان و گەشەپێدانی سوپایەکی کوردستانی یەکگرتوو".
Top