سەرۆكی هەرێمی كوردستان: بۆ شەڕی داعش توركیا هاوكاریی كردووین

سەرۆكی هەرێمی كوردستان: بۆ شەڕی داعش توركیا هاوكاریی كردووین
سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێشمەرگە توانیی 3000کم لە تیرۆریستانی داعش پاک بکاتەوە و لەو ڕاوەدوونانەدا 400 لاشەیان پێ جێ بهێڵێت. دەربارەی عەرەبی ناوچەکەیش کە تاوانیان ئەنجام دابێ، ڕایگەیاند، بە دیاریکراوی ئەوەی کە بەشداریی دەستدرێژیکردنە سەر کچان و ژنانی کوردی هەبووە، بە هیچ شێوەیەک لێی خۆش نابین.


ئەم لێدوانەی (سەرۆک بارزانی) لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا بوو کە لەگەڵ به‌رپرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا (فێدێریكا مۆگێرینی)، سازی دا و، لە دەستپێکی کۆنگرەکەدا (بارزانی) ڕایگەیاند، "کاتێک کە (فێدێریكا مۆگێرینی)دێتە کوردستان، پێشمەرگە سەرکەوتنی گەورە تۆمار دەکات، تیرۆریستان.. داهاتوویان نییە، بەڵام دۆخی وڵاتانیان تێک داوە و پشتیوان بە خوا تێکیان دەشکێنین."

ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی 12ـی 2014 لە سەڵاحەددین سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی) پێشوازی لە بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەورووپا خاتوو (فێدریكا مۆگێرینی) و شاندێكی یاوەری كرد.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدابەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەورووپا پیرۆزبایی لە (سەرۆك بارزانی) كرد بە بۆنەی ئەو سەركەوتنانەی هێزی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕی دژی داعش بەدەستیان هێناوە و خۆشحاڵیی خۆیشی نیشان دا كە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا لە كوردستاندا هەواڵی خۆش هەیە، بە تایبەت بۆ ئێزدییەكان. بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەورووپا ئەوەیشی باس كرد كە یەكێتیی ئەورووپا لەم شەڕەدا پاڵپشتی هەرێمی كوردستانە و ڕایگەیاند بۆ ئەوە هاتووە بزانێ یەكێتیی ئەورووپا چۆن بتوانێت زیاتر یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدات. هەروەها ئاماژەیشی بەوەدا كە یەكێتیی ئەورووپا هانی وڵاتانی ئەندامی دەدات كە لە هاوكارییە مرۆیی و سەربازییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام بن.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەورووپا سوپاسی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستانی كرد كە ڕووبەڕووی تیرۆریستان بوونەتەوە و ژمارەیەكی زۆری پەنابەریان پاراستووە و لە شەڕی دژی داعشدا سەركەوتنی بێوێنەیان تۆمار كردووە.خاتوو (فێدریكا مۆگێرینی) لەبارەی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە زیاتر دوا و هێمای بەوەکرد كە لەم شەڕەدا كوردستان سێ سەركەوتنی بەدەستهێناوە، لەڕووی سەربازی داعشی شكاندووە و لەڕووی دەروونیش سەركەوت و ئەوەی بە جیهان نیشان دا كە دەكرێ داعش بشكێت و ئومێدەكان بگەڕێنەوە و هەروەها كوردستان لەڕووی كولتووریشەوە سەركەوت و سەلماندی كە لەگەڵ پێكەوەژیانە و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان دەپارێزێت.

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەورووپا ڕاشیگەیاند، "ئێمە پێزانینمان بۆ سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە هەیە و ئێوە پێشانی دنیاتان دا کە دەکرێ خەڵک بەهەموو جیاوازییەکانیانەوە پێکەوە بژین، ئێوە توانیتان کارێک بکەن کە ئومێد بۆ خەڵکی لێقەوماو بگەڕێتەوە و زەردەخەنە بخەنەوە سەر لێویان."

لە بەرانبەردا (سەرۆک بارزانی) سوپاسی یەکێتیی ئەورووپا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد بۆ ئەو هاوکارییانەی لەڕووی سەربازی و مرۆییەوە پێشکەشی هەرێمی کوردستانیان کردووە و ڕایگەیاند کە بوونی دۆستی وەک ئێوە توانای زیاتری بە گەلەکەمان بەخشی لە بەرەوڕووبوونەوەی دوژمنێکی دڕندەی تیرۆریست.

(سەرۆک بارزانی) جەختیشی کردەوە کە، "ئەگەرچی شەڕکردن لەگەڵ دوژمنێکی مەترسیدار و دڕندەی وەک داعش شەڕێکی قورسە چونکە ئەوان دژی هەموو بەهایەکی مرۆیی و دژی ژیان و ئازادین و چەکی پێشکەوتووی سوپای دوو دەوڵەتی لەبەردەستدایە و تاوانی زۆر دڕندانە و نامرۆڤانەیان ئەنجام داوە کە پێشتر هیچ دیکتاتۆرێک دەرهەق بە گەلی کورد ئەنجامی نەداوە، بەڵام بۆ ئێمە شەڕەفێکی گەورەیە کە پێشمەرگەی کوردستان لەجیاتی هەموو جیهانی ئازاد شەڕ دەکات و تیرۆریستان تێک‌دەشکێنێت."

(سەرۆک بارزانی) تەئکیدیشی کردەوە کە، پێشمەرگە توانی هەیبەت و ئەفسانەی داعش بشکێنێت و ئەوەی کە پێشتر دەگوترا داعش هێزێکە هەرگیز ناشکێت لەلایەن پێشمەرگەوە پووچەڵ کرایەوە. هەروەها جەختیشی کردەوە کە داعش هیچ داهاتوویەکی نییە و پێشمەرگە لە تێکشکاندن و دەرپەڕاندنی تیرۆریستان بەردەوام دەبێت.

سەبارەت بە هاوکاریی پەنابەر و لێقەوماوان (سەرۆک بارزانی) جەختی کردەوە کە "بەهەموو توانایەکمانەوە دەیانپارێزین و هاوکارییان دەکەین بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و داوای لە ئاوارە کریستیانەکانیش کرد بێ ئومێد نەبن و بیر لە بەجێهێشتنی وڵات نەکەنەوە، چونکە داعش دیاردەیەکی کاتییە و تێکدەشکێندرێت و کوردستانیش وەک هەمیشە وڵاتی هەمووانە، یا هەموومان پێکەوە بە سەربەرزی دەژین یان پێکەوە دەمرین."

باسکردنی ئاستی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا و ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق و سوریا تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

دوای کۆبوونەوەکەیش (سەرۆک بارزانی) و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەورووپا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجام دا و وەڵامی پرسیارەکانی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیان دایەوە.

(سەرۆک) لەو کۆنگرەیەدا جارێکی دی جەختی کردەوە، "ڕاوەدووی داعش دەنێین و ئەوان لێرە پاشەڕۆژیان نییە."لە وەڵامی پرسیاری پێوەست بە ڕیفراندۆم و سەربەخۆییشەوە دووپاتی کرەدەوە، "سەربەخۆیی مافی سرووشتیی گەلی کوردستانە و کورد بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات."
دەربارەی تورکیایش گوتی، ئەوان سەرەتا هاوکارییان کردین، ڕێگەیان دا پێشمەرگە بە خاکەکەیاندا بۆ کۆبانی تێپەڕ ببێ، بەڵام ئەوان سیاسەت و تێروانینی خۆی هەیە بۆ دۆخەکە.


(سەرۆک بارزانی) لەبارەی پلانی چەند ڕۆژی ڕابردووی هێزەکانی پێشمەرگە و پاککردنەوەی ڕووبەرێکی گەلێک فراوان کە پێشتر تیرۆریستانی داعش دەستیان بەسەردا گرتبوو، ڕایگەیاند، "3000کم ڕامان ناون و زیاتر لە 400لاشەمان پێ جێهێشتوون، ئەمە پلانی نوێمان بوو کە پێشمەرگە ەب دەستی هێنا."


دەربارەی عەرەبەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش، (سەرۆک بارزانی) دەڵێت، "بە دیاریکراوی ئەوەی کە بەشداریی دەستدرێژیکردنە سەر کچان و ژنانی کوردی هەبووە، بە هیچ شێوەیەک لێی خۆشبوون نایگرێتەوە و دەبێ سزا بدرێ؛ بەڵام ئەوانی دی کە وەها بەڵگەیەکەیان لەسەر ساخ نەبێتەوە هیچ کێشەی نابێت."
زیاتر ڕوونی کردەوە، "هەر لێپێچینەوەیەکیش بەپێی یاسا دەبێت و ڕێ بە کەسیش نادرێ سەربەخۆ وەها کارێک بکات و بیەوێ تۆڵە بکاتەوە."

لای خۆیەوە خاتوو(فێدێریكا مۆگێرینی)، گوتی، "خۆشحاڵم بە دیداری ئێستا و پێشوویشت، هەروەها قسەکردنمان لە ڕۆژانی سەختدا، ئێستایش خۆشحاڵم بەو سەرکەوتنەی کە بەدیتان هێنا، بە سەرکەوتنی سەربازیتان دژ بە داعش خەڵکی ئومێدیان بۆ گەڕاوەتەوە، هەروەها ئەم سەرکەوتنە دەبێتە هاندەر بۆ ڕاستکردنەوەی دۆخی دەروونیی ئەوانەی کە زیانبار بوون."


(فێدێریكا مۆگێرینی)، ڕایشیگەیاند، "ئێمە وەک یەکیەتیی ئەورووپا درک بەو هەڕەشەیە دەکەین کە نەک هەر بۆ ئاساییشی ئێوە، بەڵکە بۆ ئاساییشی جیهانیش بە هەمان شێوە مەترسییە، بۆیە ئێمە پشتیوانتانین."


گوتیشی "دەخوازین چوارچێوەیەکمان هەبێ بۆ بەشداری لەو شەڕە. سوپاسی ئێوە دەکەین، لە پێدانی یەکەم هەنگاوی ئومێد بەخشین کە قۆناخێکی نوێی شکستی داعشە."
(مۆگریێنی) زیاتر گوتی "دیتی ئێمە لە ئەورووپا بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان زۆر ئەرێنییە، ئێمە لە پێشکەشکردنی مرۆیی و ئاساییشی سەربازییەوە بەردەوام دەبین، بەڵام هەر دەوڵەتێک لە نێو یەکیەتییەکە بە شێوازی جیاواز بەشداری دەکات. ئەمە شەڕێکی جیهانییە و زۆر سوپاسی هەرێم دەکەین لەو ڕۆڵەی لەو شەڕەدا دەیگێڕێ، هەروەها لە داڵدەدانی ئاوارەکان."(مۆگرێنی) هەروەها دەڵێ "ئەوەی کە کاریگەریی بە ژیانی خەڵکەوە هەیە ئەوەیە کە، دەمانەوێ داهاتوو بۆ منداڵان بێ و ژیانێکی خۆشگوزەرانیان بۆ دابین بکات."

Top