800 پلەی دامەزراندن رادەگەیێندرێ
د. نزار عیسمەت، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی دهۆک لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" لە رۆژی سێشەممەوە دەست بە دابەشکردنی فۆڕمی دامەزراندن بۆ 400 فەرمانبەر لە پارێزگای دهۆک دەكرێت کە 100 لەو پلانەی راگەیێندڕاون بۆ شاری زاخۆ تەرخانکراون و 300 ی دیکەیش بۆ شاری دهۆک و قەزا و ناحیەکان دەبن".
نزار عیسمەت دووپاتیکردەوە کە 800 پلەی دامەزراندن بۆ بەڕێوەبەراتییەکەیان داندراوە، بەڵام لە قۆناخی یەکەم ئەوان 400 فەرمانبەر دادەمەزرێنن و قۆناخی دووەمیش کە 400 فەرمانبەری دیکە دەمێننەوە، بۆ ساڵی 2015 دەبێت.
بەڕێوەبەری تەندروستی دهۆک ئاماژەشی بەوەش کرد کە دەرچووانی بەشی پەرستاری لە زانکۆ و پەیمانگاکان و پەرستاری شارەزا، مامانی پەیمانگاکان، ڤێرتێرنەری، چارەسەری سرووشتی، وێنەگری تیشک و یاریدەدەری خۆپاراستن و ئارامکردنەوە دەتوانن فۆڕمی دامەزراندن پڕبکەنەوە.
دەرچووانی بەشەکانی سەرەوە دەتوانن لە رۆژی سێشەممەوە سەردانی فەرمانگەکانی ساخلەمی زاخۆ، ئاکرێ، ئامێدی، شێخان، سێمێل و بەردەڕەش بکەن بۆ وەرگرتنی فۆڕمی دامەزراندن، لە ناوەندی سەنتەری شاری دهۆکیش فۆڕمی دامەزراندن لە فەرمانگەی تەندروستی بەهدینان دابەشدەکرێت. ئەم پرۆسەیەش تاوەكو 31\12\2014 بەردەوام دەبێت.
