وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا: بۆ هاوکاریکردنی پێشمەرگە هاتوومەتە هەولێر
سەرەتا نێچیرڤان بارزانی خۆشحاڵی خۆی بە هاتنی وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا دەربڕی و گوتی: "ئەو سەردانە بە پشتگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان دەزانین". ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و هۆڵەنداش كردو رایگەیاند ، كە هۆڵەندا لە ساڵی 1991 بەدواوە هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بووەو ئێستاش لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەی بۆ پاڵپشتی عێراق و هەرێمی كوردستان دروستبووە هاوكاریی كوردستان دەكات.
سەبارەت بە كۆبوونەوەكەیان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، كە ئەوان لە كۆبووەنەوەیاندا باسیان لە چۆنێتی هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگە كردووە، لەلایەن هۆڵەنداوە. هەروەها باسیان لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكان كردووە لەبواری ئابووریدا.
دواتر وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا ئەوەی دووپاتكردەوە، كە ئەو بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چۆنێتی هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگە و ئاگاداربوون لە رەوەشی ئاوارەكان هاتووەتە هەولێر و گوتی: "ئێمە دەمانەوێت هاوكاریی پێشمەرگە بكەین".
وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا ستایشی رۆڵی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە رووبەرووبوونەوەی لەگەڵ رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) و گوتی: "مایەی خۆشحاڵییە كە دەبینین پێشمەرگە سەركەوتن لەبەرامبەر ترسناكترین گرووپی تیرۆریستی تۆماردەكات".
سەبارەت بە چۆنێتی هاوكاریكردنی پێشمەرگە، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا رایگەیاند، كە وڵاتەكەی بەنیازە بۆ ماوەی ساڵێك مەشق بە هێزی پێشمەرگە بكات.
ئامانجێكی دیكەی سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا وەك خۆی گوتی ئاگاداربوونە لە رەوەشی ئاوارەكان و بڕیارە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سەردانی كەمپی بەحركە بكات.
ئەو جەختی لەوەش كردەوە كە لە كۆبوونەوەكەیان لە گەڵ نێچیرڤان بارزانی باسیان لە پەرەدان بە پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كورستان و هۆڵەندا كردووە. گوتیشی "هەوڵدەدەم بۆ ئەوەی لە زووترین كاتدا بێمەوە هەرێمی كوردستان و گفتوگۆی زیاتر لەبارەی هاوكارییەكانمان و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانمان بكەین".
رووداو
