نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆك بارزانی وەڵامی مالیکی دەداتەوە
نووسینگەی رۆژنامەوانیی بارزانی دەڵێ: "سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراقی لە مەترسیی دروستبوونی داعش و هەڕەشە و جموجوڵەكانیان لە ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا و شاری موسڵ ئاگادار كردووەتەوە".
لە بەشێكی راگەیێندراوەکەدا هاتووە:" سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق ئەم ئاگاداركردنەوە و پێشنیازەی سەرۆك بارزانی بە هەند وەرنەگرت و گوێی لێ نەگرت".
لە لێدوانە رۆژنامەوانییەكەدا ئاماژە بەوەكراوە:" بەڕێز سەید عەمار حەكیم و د. ڕۆژ نوری شاوێس جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق و باڵیۆزی ئەوكاتی ئەمریكا لە عێراق شاهیدی ئەوەن كە سەرۆك بارزانی لەڕێی ئەوانەوە سەرۆك وەزیرانی عێراقی لەو مەترسییە ئاگاداركردووەتەوە".
نووسینگەی رۆژنامەوانی بارزانی دەڵێ:" سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق لە كەوتنی موسڵ و شكستی سوپای عێراق بەرپرسیارە و ناتوانێ بەمجۆرە لێدوان و راگەیاندراوانە شكست و بەرپرسیارێتیی خۆی دابپۆشێت".
رۆژی پێنجشەممە نووسینگەی راگەیاندنی نووری مالیکی، جێگری سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاند: " لێدوانەکانی ئەم دواییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی پێدانی زانیاری دروست لەسەر ئەوەی، لەسەردەمی حكومەتی مالیكی رێکخراوی داعش بنکەیەکی سەربازی لە رۆژئاوی موسڵ دروستکردبێت و هۆشداری ئەوەی پێدابێت کە مەترسییەکی گەورە روودەدات، هەروەها پێشنیازی ئەوەشی کردبێت پرۆسەیەکی سەربازی هاوبەش لە هێزەکانی سوپاو پێشمەرگە بەیەکەوە ئەنجام بدەن، پێدانی ئەو زانیارییانەو كات و لێدوانەكان نیشانەی پرسیار دروستدەكەن كە ئامانجێكی شاراوەیان لەپشتەوە بێت".
نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی پێشوو لە بەیاننامەکەدا رەتیدەکاتەوە هیچ پەیوەندییەك لەلایەن بارزانییەوە پێش ئەنجامدانی هێرشی داعش بۆ سەر موسڵ بە مالیكی-یەوە كرابێت، یان پێشنیازی ئەنجامدانی پرۆسەیەکی سەربازی هاوبەشی کردبێت لە نێوان سوپا و پێشمەرگە.
دەقی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان
نووسینگەی راگەیاندنی نوری مالیكی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق لە ڕاگەیێندراوێكدا كە لە ڕێكەوتی 18ـی 12ـی 2014 بڵاوكراوەتەوە باسی ئەوەی كردووە كە سەبارەت بە دروستبوون و جموجۆڵ و هەڕەشەكانی تیرۆریستانی داعش بەر لە كەوتنی موسڵ لە حوزەیرانی ڕابردوو سەرۆك بارزانی بە هیچ شێوەیەك پەیوەندی بە سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق نەكردووە.
لێرەدا بە گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقی لە مەترسیی دروستبوونی داعش و هەڕەشە و جموجوڵەكانیان لە ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا و شاری موسڵ ئاگادار كردووەتەوە و پێی ڕاگەیاندووە كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە بەهۆی ئۆپڕاسیۆنێكی هاوبەش یارمەتیی هێزەكانی عێراق بدات بۆ ئەوەی ڕێگە لە گەشە و بەهێزبوونی تیرۆریستان لەو ناوچەیەدا بگیرێت. بەڵام سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق ئەم ئاگاداركردنەوە و پێشنیارەی سەرۆك بارزانی بە هەند وەرنەگرت و گوێی لێ نەگرت. بەڕێز سەید عەمار حەكیم و د. ڕۆژ نوری شاوێس جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق و باڵیۆزی ئەوكاتی ئەمەریكا لە عێراق شاهیدی ئەوەن كە سەرۆك بارزانی لەڕێی ئەوانەوە سەرۆك وەزیرانی عێراقی لەو مەترسیە ئاگادار كردووەتەوە.
سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق لە كەوتنی موسڵ و شكستی سوپای عێراق بەرپرسیارە و ناتوانێ بەمجۆرە لێدوان و ڕاگەیاندراوانە شكست و بەرپرسیارێتیی خۆی دابپۆشێت. لەو ماوەیە هەرچی نەهامەتی و ناسەقامگیری و قەیران كە بەسەر خەڵكی عێراق هاتووە و هەروەها شكستە سیاسی و سەربازی و ئابوورییەكانی عێراق ئەوە سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق و دەورووبەرەكەی لێی بەرپرسیارە.
سەرچاوەیەكی ڕۆژنامەوانی لە نووسینگەی سەرۆك
20-12-2014
