ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێك بڵاودەكاتەوە

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێك بڵاودەكاتەوە
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێنراوێکدا کوژرانی جێگرێکی ئەبوبەکر بەغداى، سەرۆكی رێكخراوی داعش پشتڕاستدەکاتەوە و ئەو تاوانانەیشی کە لەسەر دەستی ئەو ئەنجامدراون دەخاتەڕوو.

لە راگەیێندراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە،" گەورە تیرۆریست شیهاب ئەحمەد حەسەن ئەللهێبی (ناسراو بە ئەبوو سەعد) کە جێگری تیرۆریست ئەبوبەکر بەغدادی بۆ سەرپەرشتی کاروباری سەربازیی ویلایەتی نەینەوای تیرۆریستان بوو، لە رێکكەوتی 17/12/2014، لە ساحل ئەیسەری شاری موسڵ، گەڕەکی کیفائات بەرامبەر مونتەزە کەندی، لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە گەڵ گەورە تیرۆریستێکی دیکە بە ناوی فەتحی، (ناسراو بە ئەبوو عەبدوڵڵا) کوژراوە".

لە راگەیێندراوەكەدا ئەوەش هاتووە،" ئەللهێبی راستەوخۆ سەرپەرشتیی تیرۆری سەدان کەسی لە ناو موسڵ کردووە، هەروەها راستەوخۆ دەستی لە شەهیدکردنی ژمارەیەکی زۆری کوردانی ئێزدیدا هەبووە و، ژمارەیەکی زۆر لە برا شیعەکانی پارێزگای موسڵ لە شەبەک و تورکمانی بە دەستی خۆی لەنێو بردوون. هەردوو مەزارگەی نەبی یوونس و نەبی شیت بە سەرپەرشتیی ئەم تیرۆریستە تەقێندراونەتەوە".

دەقی راگەیێندراوەكەی ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان:

لە دڕێژەی ئەو گورزە کوشندانەی لە لایەن هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانانەوە بەر تیرۆریستانی داعش دەکەوێت، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، کوژرانی جێگری ئەبوبەکر بەغدادی بۆ کاروباری سەربازیی ویلایەتی نەینەوای داعش پشتڕاست دەکاتەوە.

گەورە تیرۆریست شیهاب ئەحمەد حەسەن ئەللهێبی ناسراو بە ئەبوو سەعد کە جێگری تیرۆریست ئەبوبەکر بەغدادی بۆ سەرپەرشتی کاروباری سەربازیی ویلایەتی نەینەوای تیرۆریستان بوو، لە رێکەوتی 17/12/2014، لە ساحل ئەیسەری شاری موسڵ، گەڕەکی کیفائات بەرامبەر مونتەزە کەندی، لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە گەڵ گەورەتیرۆریستێکی دیکە بە ناوی فەتحی، ناسراو بە ئەبو عەبدوڵڵا کوژران.

شیهاب ئەللهێبی، ناسراو بە ئەبو سەعد، سەر بە عەشیرەتی لهێبییە، ناوبراو دوای رووخانی رژێمی بەعس پەیوەندی بە گرووپی ئەلقاعیدەوە دەکات و لە ناو ئەو گرووپە بە ئەبو قەتادە ناسراو بووە. ماوەیەک لە بەندیخانەی بوکا زیندانی کراوە و دوای ئازادکردنی بوو بە بەرپرسی سەربازیی ئەلقاعیدە لە پارێزگای سەڵاحەددین. دوای ئەوە دەستگیر دەکرێتەوە و لە ئەبو غرێب بەند دەکرێت و هەر دوای ماوەیەک لەگەڵ ژمارەیەک تیرۆریست لە زیندان رادەکەن.

دوای سەرهەڵدانی داعش، ناوبراو پەیوەندی بە داعشەوە دەکات و دەکرێت بە بەرپرسی کردارە تیرۆریستییەکانی ناو مووسڵ. دوای داگیرکردنی مووسڵ لە لایەن داعشەوە دەکرێت بە بەرپرسی گشتیی ئەمنی مووسڵ. ناوبراو راستەوخۆ سەرپەرشتیی تیرۆری سەدان کەسی لە ناو مووسڵ کردووە، هەروەها راستەوخۆ دەستی لە شەهیدکردنی ژمارەیەکی زۆری کوردانی ئێزدیدا هەبووە، ژمارەیەکی زۆر لە برا شیعەکانی پارێزگای مووسڵ لە شەبەک و تورکمان، بە دەستی خۆی لە ناو بردراون. هەردوو مەزارگەی نەبی یوونس و نەبی شیت بە سەرپەرشتیی ئەم تیرۆریستە تەقێندرانەوە.

ئەنجوومەنی ئاسایش پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەم تیرۆریستە و هاوڕێکەی لە میانەی بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلەکەی لە ناو مووسڵ کوژراون و وێنەی خۆی و کاتی لێدانەکەی بڵاو دەکەینەوە.

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
19/12/2014
Top