ڕاگەیەندراوی سەربازیی لە فەرماندەیی میحوەری ڕۆژئاوای دیجلە

ڕاگەیەندراوی سەربازیی لە فەرماندەیی میحوەری ڕۆژئاوای دیجلە
پشت بە خوای گەورە و ئیرادەی پۆڵایینی گەلەكەمان، ئەمڕۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ڕۆژی ئاڵای كوردستاندا، سەركەوتنێكی مەزنیان كردە دیاری بۆ گەلی كوردستان.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، چوارشەممە 17ـی 12ـی 2014 هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە باشووری زووممار هێرشێكی بەرفراوانیان بۆ سەر مۆڵگەی تیرۆریستانی داعش لەم میحوەرەدا دەست پێكرد و گورزێكی گورچكبڕیان لە تیرۆریستان وەشاند.

لەم هێرشەدا پێشمەرگە قارەمانەكان توانییان گوندەكانی فەقیرۆك، گرگامێش، كۆبانكێ، حوگنە، كارێز، قەسەریج و هەردوو بەرشۆری گەورە و بچووک ئازاد بكەن. هەر لەم هەڵمەتەدا ئەو سێڕیانە ستراتیژییەی موسڵ و كەسكێ بە عوێنات و زوممار دەبەستێتەوە لە لایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە كۆنتڕۆڵ كرا و بەوەیش پاشماوەی تیرۆریستان لەم ناوچەیە بە تەواوەتی شپرزە بوون.

ئەم سەركەوتنە مەزنەی پێشمەرگەی كوردستان پیرۆز ڕاگرتنی ڕۆژی ئاڵای كوردستان و درێژەدانە بە خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەكەمان.

بژی كوردستان
بژی پێشمەرگە
سەرچاوەیەكی باڵای سەربازی لە فەرماندەیی میحوەری ڕۆژئاوای دیجلە
17ـی 12ـی
Top