ئاساییشی كەركووك: قوتابیان بەیداخی داعشیان پێنەبووە..هەركەسێك ئەو بەیداخەی پێبێت دەستگیری دەكەین

 ئاساییشی كەركووك: قوتابیان بەیداخی داعشیان پێنەبووە..هەركەسێك ئەو بەیداخەی پێبێت دەستگیری دەكەین
بەڕێوەبەری ئاساییشی كەركووك (هەڵۆ نەجات)، دەڵێت، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن كە قوتابییە عەرەبەكان بەیداخی داعشیان پێ بووە، راست نییە و هەر كەسێك بەو بەیداخە ببینن، ماموستا بێت یاخود قوتابی یا هەركەسێكی دیكە، دەستگیری دەكەن.

بەڕێوەبەری ئاساییشی كەركووك لیوا (هەڵۆ نەجات)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، دوای ئەوەی قوتابیانی كورد لە چەند رۆژی رابردوودا بە جلی پێشمەرگەوە دەوامیان كرد و هەوڵی زۆر درا بۆ ئەوەی رێگرییان لێ بكرێت، بەڵام نەتواندرا و ئەمڕۆیش یادی ئاڵای كوردستان بوو كە قوتابیانی كوردیش ئەو یادەیان كردەوە و عەرەبەكان پێی نیگەران بوون، بۆیە سەرەتا كێشە لە نێوان دوو قوتابیدا ڕووی دا و دواتر ژمارەیان زیاد بوو و شەڕ لە نێوان هەردوو لادا دروست بوو.
بەڕێوەبەری ئاساییشی كەركووك گوتیشی، لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا هەشت قوتابیی كورد برینداربوون و گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی ئازادیی شاری كەركووك.
لیوا (هەڵۆ نەجات) ڕوونیشی كردەوە، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن كە قوتابییە عەرەبەكان بەیداخی داعشیان پێ بووە، راست نییە و هەر كەسێك بەو بەیداخە ببینن، ماموستا بێت یاخود قوتابی یا هەركەسێكی دیكە، دەستگیری دەكەن.
(نەجات) ڕوونیشی كردەوە، لە ئێستادا كێشەكە چارە كراوە و كۆتایی بە شەڕەكەیش هاتووە.
Top