فوئاد حوسێن: سەرۆك بارزانی ماوەیەكی زۆرە سەرقاڵی دانانی پلانی رزگاركردنی شنگالە

 فوئاد حوسێن: سەرۆك بارزانی ماوەیەكی زۆرە سەرقاڵی دانانی پلانی رزگاركردنی شنگالە
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان (د.فوئاد حوسێن) رایگەیاند، (سەرۆك بارزانی) ماوەیەكی زۆرە سەرقاڵی دانانی پلانی رزگاركردنی شنگالە و، خۆیشی سەرپەرشتیی پلانەكە دەكات، كە لە ماوەیەكی نزیكیشدا شنگال ئازاد دەكرێت.

سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان (فوئاد حوسێن) لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێوەست بە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا جارێ كورد لەگەڵ بەغدا لەبارەی نەوتەوە گەییشتوونەتە رێككەوتن و شاندی ئەوان دێنە هەرێمی كوردستان و شاندی هەرێمی دەچێتە بەغدا و كۆمەڵێك پرس باس دەكەن، لەوانە ماددەی 140 و حوكمڕانی لە عێراق و هەندێك پرسی دیكە و گفتوگۆیش بەردەوام دەبێت.
(فوئاد حوسێن) گوتیشی، (سەرۆك بارزانی) ماوەیەكی زۆرە سەرقاڵی دانانی پلانی رزگاركردنی شنگالە كە لەلایەن خۆی و فەرماندەكانی پێشمەرگەوە دانراوە و خۆیشی سەرپەرشتیی دەكات و لە ماوەیەكی نزیكیشدا شنگال رزگار دەكرێت.
زیاتر گوتی، لە ئێستادا ئەولەویاتی كاری هەرێمی كوردستان ئەوەیە شەڕی داعش بە سەركەوتوویی تەواو بێت و، لە تەواوی ئەو شوێنانەی پێشمەرگە بەشداری لە شەڕی داعش كردووە سەركەوتوو بوونە و لەو شوێنانەی كە هاوكاری شیعەكان كراوە لە شەڕی داعش باش بووە، بەڵام دواتر كێشە دروست بووە، ئەمەیش پێویستە بە دیالۆگ چارە بكرێت لەگەڵ سەركردەی میلیشاكان یاخود حكوومەتی عێراق.
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند، جارێ زووە باس لە بەشداریكردنی هێزی پێشمەرگە بكەین لە پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵ، چونكە كۆمەڵێك بنەما هەیە و پێوەندی بە حكوومەتی ناوەندی و هاوپەیمانانەوە هەیە، بەڵام هەموو كەسێك باسی رزگاركردنی مووسڵ دەكات.
Top