سەرۆك بارزانی: نابێ بستێكی خاكی كوردستان لە چنگی داعشدا بمێنێ.. ئامادەم لە پێناوی نیشتماندا گیان بەخت بكەم
لەو چاوپێكەوتنەدا كە كەناڵی ئەلعەرەبییە حەدەس لەگەڵیدا سازی دا و ئەمشەو بڵاو كرایەوە، لە وەڵامی ئەو پرسیارەیش كە داخۆ دەشێ بگوترێ كە هەرێمی كوردستان ڕێكخراوی داعشی لێ نییە و ناوچەیەكی ئارامە؟ (سەرۆك بارزانی) ڕایگەیاند، "دەتوانم بڵیم، 90%ـی هەرێمی كوردستان ئارامە. تەنیا ناوچەی شنگال ماوە كە ئازاد بكرێ."
دەربارەی پلانی پاشەڕۆژیشیان بۆ شنگال، (بارزانی) كە لە میحوەری ڕۆژئاوای دیجلە بوو، بۆ ئەو كەناڵە گوتی، "پلانی سەربازی ئەوەیە كە، نابێ بستێكی خاكی كوردستان لە چنگ داعشدا بمێنێ، بەڵام ناشێ وردەكاریی پلان ئاشكرا بكەم. بڕیاریشمان داوە، تا دوامەتری خاكی كوردستان لە داعش پاك دەكەینەوە."
(سەرۆك بارزانی) دەربارەی پشتیوانیكردنی كوردانی كۆبانی تا لە مەترسیی كەوتن بە دەست تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی بپارێزرێ، ڕایگەیاند، "كاتێك كە دەروویەكمان بۆ گەیاندنی پشتیوانی بۆ كۆبانیی ڕۆژئاوای كوردستان دۆزییەوە، دەستبەجێ هێزێكی پشتیوانیمان نارد، تا لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعشدا پشتیوانیی براكانیان بكەن. هەڵبەت هەوڵمان دا كە پشتیوانیی نێودەوڵەتییش بۆ هەمان مەبەست بە دەست بهێنین و ئەوەیش هاتە دی و دەبینین كە ئەمەریكا و هاوپەیمانانی بە وەشاندنی گورزی ئاسمانییان، ڕۆڵی خۆیان بینیوە."
دەربارەی دۆخی پەنابەرانیش كە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، رایگەیاند، "لەو شوێنەی كە ئێمەی لێین هەندێكی خەڵكی گەڕاونەتەوە شوێنەكانی خۆیان"، بۆ گەڕانەوەی یەكجارەكیی ئەو ناوچانەیشی كە ئازاد كراون، گوتی، "ئەمە پێوەستە بە چاندنی مینێكی زۆرەوە، بێگومان ئێمە بوار نادەین تا مین لە ناوچە ئازادكراوەكاندا بمێنێ، لەبەر سەلامەتیی گیانی هاووڵاتیان تا پاككردنەوەی، بگەڕێنەوە ناوچەكانیان."
دەربارەی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەیش كە لە عەینكاوە نیشتەجێن، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێ، "ئەوانەی عەینكاوە زۆرینەیان هیی دەوروبەری مووسڵن، ئەو شوێنانەی كە ئەوانی لێ ئاوارە بووە، هێشتا لە ژێر بۆردوومانی تۆپخانەكانی داعشدان و تا ئەو شوێنانە پاك نەكرێنەوە ناشێ بگەڕێنەوە"، هەروەها گوتی، "ئەوەی كە لە توانای هەرێمی كوردستاندا بێ بۆ پەنابەرانی دەكات؛ بەرگەی بارگرانییەكەمان گرتووە و دەیشیگرین، بەڵام بۆ ئەمە پێویستمان بە هاوكاریی نێودەوڵەتی هەیە."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەیش كە داخۆ هەرێم لە داڵدەدانی ئەو هەموو پەنابەرە مەسیحیانە ناترسێ نەبادا كاریگەرییان بەسەر گۆڕینی دیمۆگرافیای هەرێمی كوردستانەوە هەبێ، (سەرۆك بارزانی) جەختی كرد، "مەسیحییەكان لە وڵاتی خۆیانن و ئامادەیی ئەوان لە هەرێمی كوردستان بە واتای گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستان نییە، بە دڵنیاییەوە ئەوان لە ماڵی خۆیانن."
دەربارەی ئامادەیی ئەویش لە بەرەكانی جەنگی دژ بە داعش، (سەرۆك بارزانی) گوتی، "ئامادەیی من كاریگەریی بەسەر ورەی پێشمەررگەوە هەیە، بەڵام هەر سەركردەیەك لە بەرەكانی جەنگە، ڕۆڵی ئەرێنی لە بەرەكانی جەنگدا دەبینێ. من هەر كاتێك ئامادەم لە پێناوی نیشتیماندا گیانی خۆم بەخت بكەم."
