نەتەوە یەكگرتووەكان گەیشتۆتە ئەو راستییەی داعش هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ رێكخراوی قاعیدە نییە
هەروەها پاتریشیا لویس گوتی: تا ئێستا نەتوانراوە پێناسەیەكی وردی تیرۆریزم بكرێت كە بەلای هەموو وڵاتانەوە مایەی قبووڵكردن بێت، رەنگە ئەم كارە دەرئەنجامی پێچەوانەشی لێبكەوێتەوە، لەو رووەوە كە دەبێتە هۆی سنوورداركردنی مەودای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و بەرپەرچدانەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. نەتەوە یەكگرتوووەكان وەك پرسێك پەیوەست بە سیاسەتی سەركردایەتی/ لە ئاستی هاوكارییەوە ئیدارەی تیرۆریزم دەكات، ئەویش لە رێی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە لە 1373 و 1624 كە ئەویش بە چاودێری كۆمیتەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمە. ئەمانە بڕیارگەلێكن كە هێزی جێبەجێكردنیان هەیە، چونكە بە گوێرەی فەسڵی حەوت دەرچوونە و دەوڵەتە ئەندامەكانی نەتەوە یەكگرتوووەكانیش پابەندن بەوەی ملكەچی ئەحكامەكانی بن. نەتەوە یەكگرتووەكان رۆڵێكی گرنگی هەیە لە بنیاتنانی كۆدەنگییەكی نێودەوڵەتی و بەرنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە سەرتاسەری جیهاندا، بەتایبەتی لە رێی ئەو رێككەوتنانەی لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا دێنەئاراوە. ئەنجامدانی چاكسازی لە ئەنجومەنی ئاسایشدا كارێكی دژوارە و لە سایەی ئەو كەشە سیاسییەی ئێستا باڵادەستە كارێكی كردەنی نییە كە دەوڵەتە ئەندامەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بتوانن رێكبكەون لەسەر ئەوەی كە بناغەی نوێ بۆ ئاشتی و ئاسایشی جیهانی پێناسە بكەن. شێوازەكانی ئەم دواییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی و توندوتیژی هەنگاوێكن بە ئاڕاستەی راستدا، بەڵام دەبێت كاری زیاتر بكرێت.
شایانی باسە لویس گوتی: لە روانگەی رۆژئاواوە دەكرێت ئەوەی لە ئێستادا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا روودەدات بە شەڕی ئایینی ناو نەبرێت، بەڵكو شەڕی نێوان ئەوانەی خوازیاری مۆدێرنە و حوكمڕانییەكی هەمەلایەنەن لەگەڵ ئەوانەی دەیانەوێت سیستمێكی دیكتاتۆری و تەنانەت فیوداڵی دروست بكەن. بڕیارەكەی باراك ئۆباما و سەرۆكەكانی دیكەی وڵات و حكومەتەكان بەوەی هێرشی سەربازی نەكەنە سەر ئەسەد، وەك بەشێك لە ستراتیژیی ئێستای دژ بە داعش بڕیارێكی ئاڵۆزە، میراتی دەستێوەردانی سەربازی لە رابردوودا، لە نێویاندا ئەفغانستان و عێراق و لیبیا سەركەوتوو نەبوون، بەو شێوەیەی كە پشتیوانەكانی ئەو دەستێوەردانانە هیوایان بۆ دەخواست.
لە درێژەی قسەكانیدا پاتریشیا گوتی: دەوڵەتی ئیسلامی هاوپەیمانی ئیسلامییە سەرسەختەكان و تیرۆریستە نێودەوڵەتییەكان و بەعسیە كۆنەكانە، هەروەها میلیشیا میانڕەوەكانی پێشووی سوننەی تێدایە، تەنانەت ئەوانەشی كە پێشتر مووچەیان لە ئەمریكا وەردەگرت لە شەڕیاندا دژ بە ئەلقاعیدە لە عێراقدا. پێویستە رۆژئاوا و ئەمریكا هەموو كارێك بكەن لە ئایندەدا بۆ ئەوەی ناكۆكی مێژوویی نێوان سوننە و شیعەكان ئاڵۆزتر نەكەن. گرنگە رۆژئاوا پشتیوانی لە هەموو ئەو نەتەوە و خەڵكانە بكەن كە شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی دەكەن و بە شێوەیەك ئەم كارە دەكەن كە یارمەتیدەر بێت بۆ هێنانەدی ئاشتییەكی درێژخایەن لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1005)
