بەبێ چارەسەركردنی كێشەی كوردلە توركیا و عێراق زەحمەتە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە تێكشكاندنی داعش سەركەوتوو بێت

بەبێ چارەسەركردنی كێشەی كوردلە توركیا و عێراق زەحمەتە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە تێكشكاندنی داعش سەركەوتوو بێت
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان زەكاری لۆكمان ئوستادی دیراساتی ئیسلامی لە زانكۆی هارڤارد بۆ گوتى:پێموایە ستراتیژیەتی ئیدارەی ئۆباما زۆر دژیەكی تێدایە و بەو شێوەیەی كە ئێستا گەڵاڵە كراوە، ئەگەری ئەوەی نییە سەركەوتوو بێت، بۆ نموونە: دژیەكی هەیە لە نێوان ئەوەی هەوڵدەدات لە عێراقدا بیكات و ئەوەی هەوڵدەدات لە سووریادا ئەنجامی بدات. هەروەها ئەو هێزە جیاوازانەی ئەمریكا كاریان لەگەڵدا دەكات، بە دڵنیاییەوە هەمیشە هاوڕا نابن لەگەڵ ئەوەی ئەمریكا دەیەوێت. بۆ نموونە: پرسی ئایندەی سووریا لێرە پرسێكی زۆر گرنگە، بەڵام ئەمریكا پێداگیری دەكات لەسەر ئەوەی شەڕی هێزەكانی داعش دەكات لە سووریا، بەڵام دەستێوەردان ناكات لە دژی رژێمەكەی ئەسەد، یاخود بۆ پشتیوانی یاخیبووان، بەڵكو بە تێپەڕبوونی كات برەو بە هێزەكانی دژ بە ئەسەد دەدات، ئەمەش ستراتیژیەتێكە ئەگەری ئەوەی نییە سەركەوتوو بێت. تا ئەو راددەیەی دەستێوەردانی ئەمریكا لە سووریا رەنگە پشتیوانی بێت بۆ رژێمەكەی ئەسەد، بەڵام رەنگە نەبێتە هۆی تێكشكاندنی، یاخود ئیحتیواكردنی داعش.


زەكاری لۆكمان هەروەها گوتی: پێموایە كێشەی سووریا گرنگییەكی سەنتڕاڵی بۆ ئەم پرسە هەیە، ئەمریكاش چەند ساڵێك پێش ئێستا ویستی رژێمەكەی ئەسەد لە دەسەڵات دووربخرێتەوە، هەروەها توركیاش ئەم دەرئەنجامەی دەوێت. ئێستاش كە داعش و بەرەی ئەلنوسرە و گرووپە جیاوازەكانی دیكە بە شێوەیەكی گشتی هێزگەلێكی سوننەی توندڕەون. بزووتنەوە دیموكراتییە جەماوەرییە گەورەكان كە لە سەرەتای راپەڕینی سووریادا هاتنەئاراوە، بە راددەیەكی زۆر پەراوێز خراون و ئەوەی پێی دەگوترێت سوپای سووری ئازاد لە ئارادایە. كەواتە ئەوە دژیەكییە كە ئەمریكا دووچاری دژوارییەكی زۆر دەبێتەوە لە جیاكردنەوەی لادانی رژێمەكەی ئەسەد لە شەڕكردن لە دژی داعش. هەروەها روون نییە كە ئەمریكا لە رووی سەربازییەوە دەستێوەردان بكات بۆ لابردنی رژێمەكەی ئەسەد، لەبەر ئەوەی نایەوێت ئەو هێزانە بێنەسەر دەسەڵات كە پتر دوژمنن بەرامبەر بە ئەمریكا. كەواتە ئەمانە دژیەكییەكن كە دەبنەهۆی ئەوەی ستراتیژیەتێكی جێگیر پیادە نەكرێت.

شایانی باسە لۆكمان هەروەها گوتی: ئەوە روونە كە هێزە كوردییەكان هەم لە عێراق و هەم لە سووریا كارێكی باشیان كردووە لە شەڕی داعشدا و پتر سەركەوتوو بوون، لێرەدا دژیەكییەكە ئەوەیە كە ئەمریكا هەست ناكات ئەگەری ئەوە پێویستە كە هێزی زیاتر بە هێزە كوردییەكان ببەخشێت، بەتایبەتی كوردەكانی سووریا، لەبەر ئەوەی ئەو هێزانە وا دەردەكەون كە هاوپەیمانی پەكەكەن، بەدڵنیاییەوە حكومەتی توركیا زۆر خۆشحاڵ نییە بەمە، پێدەچێت ئەو گفتوگۆیانەی لە نێوان پەكەكە و بزووتنەوەی كوردی بە شێوەیەكی گشتی و حكومەتی توركیادا كرابێت، راوەستابێت. ئەمریكا پێیوایە توركیا گرنگییەكی سەنتڕاڵی هەیە لەم پرسەدا و هەست دەكات ناتوانێت توركیا گۆشەگیر بكات لە رێی پشتیوانیكردنی هێزە كوردییەكانەوە، لەلایەكی دیكەوە هێزە كوردییەكانیش ئامادەی شەڕكردنن و توخمێكی سەرەكین لەمەدا. ئەمە یەكێكە لە دژیەكییەكان، رەنگە شتەكان بگۆڕێن، بەڵام لەم ساتەوەختەدا توركیا دژی هەر جوداخوازییەكی كوردییە، ئیتر لە توركیادا بێت، یاخود لە سنوورەكانیدا و مشت و مڕی ئەوە لە گەڵ ئەمریكا دەكات كە نابێت واشنتۆن چەك، یان هاوكاری بداتە هێزە كوردییەكان.

لە كۆتایی قسەكانیدا زەكاری گوتی: چەند ساڵێك پێش ئێستا ئەمریكا هاوكار بوو لەوەی مالیكی دەسەڵات بگرێتەدەست و هیچ كارێكی نەكرد، كاتێك دەستنیشانكراوە سیاسییەكانی خۆی لە پێگە سەرەكییەكاندا دادەمەزراند وەك سوپا و هێزە چەكدارەكان كە بە كارەسات كۆتایی هات، وەك ئەوەی لە هاویندا بینیمان لەگەڵ هەرەسهێنانی هێزەكانی سوپای عێراق. ئەمە كارەساتێكی جێ باوەڕپێكردن نەبوو. ئێستاش ئەمریكا گیری خواردووە، لەلایەك جیاوازی هەیە لە نێوان حكومەتی مەركەزی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەگەرچی لە رووی بابەتییەوە دەبێت هاوپەیمان بن لە دژی داعش كە هەڕەشەیە بۆ سەر هەردوولایان، بەڵام هەندێ جیاوازی زۆر جددییان هەیە، لە لایەكی دیكەوە دەیەوێت زاڵ بێت بەسەر خەسڵەتی شیعەی حكومەتی عێراق، هەروەها هێزی چەكداری نیشتمانی و كارا بنیات بنێتەوە كە تایەفەگەری نەبێت








بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1005)
Top