دیمەنێكی مەزن بوو كاتێك بینیمان سەرۆك بارزانی پێشوازی لە پاڵەوانەكانی كۆبانێ كرد
مایكل هەروەها گوتى: بڕیاردەرە سەرەكییەكانی حكومەتی عێراقی، حەیدەر ئەلعەبادی سەرۆك وەزیران و عادل عەبدولمەهدی وەزیری نەوت، كۆششێكی زۆریان كردووە بۆ گەیشتن بەم رێككەوتنە، باوەڕم وانییە ئەم كارەیان كردبێت و بیانەوێت شكست بهێنێت. یان بەوەی لە بودجەی-2015دا-جێگیر نەكرێت، لەبەر ئەوە پێموایە دەرفەتی باش هەیە بۆ ئەوەی لە بودجەی 2015دا بنووسرێتەوە بە شێوەیەك كە مرونەتی تێدابێت، بە تێڕوانینی من دەرفەتی باش هەیە بۆ ئەوەی لە ساڵی 2015دا جێبەجێ بكرێت، بەڵام لە دوای ساڵی 2015ـەوە و لە ساڵی 2016 و لە 2017دا كەیسێكی جیاواز دەبێت، ئایا حكومەتی فیدڕاڵی و كوردەكان رێكدەكەون لەسەر ئەوەی ئەمە لە بەرژەوەندی هەردوولادایە، یاخود كورد بە شێوەیەكی سەربەخۆ نەوت هەناردە دەكەن لە ساڵی 2016 و 2017دا.
شايانى باسه نایت هەروەها گوتی: من هەمیشە و لە سەرەتاوە وتوومە كە هەڕەشەی سەرەكی بۆ سەر داعش كوردە، ئەویش لەبەر هۆكاری جوگرافی، كورد نزیكن لە پایتەختی داعشەوە، واتە موسڵ، هەروەها سنوورێكی دوور و درێژیان هەیە لەگەڵ داعشدا، لە هەمان كاتدا لە پێگەیەكی زۆر باشدان بۆ هێرشكردنەسەر داعش هەم لە عێراق و هەم لە سووریا. دەبینین كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هەمان بیركردنەوەی هەیە، كە كوردستان بۆتە بژاردەی زۆرێك لە شەریكەكانی نێو هاوپەیمانێتییەكە لە رووی بەكارهێنانی بنكەكانەوە، ئەم كارە لە رێی فڕۆكەخانەی هەولێرەوە دەكەن، یان دەیانەوێت لە رێی بنكەی ئاسمانی باسترمە نزیك هەریرەوە ئەنجامی بدەن، لەبەر ئەوەی ئەنجامدانی ئەم كارە لە كوردستان مەترسی نییە، هەروەها پێشوازییان لێدەكرێت و نزیكن لە دوژمنەوە. لەبەر ئەوە پێموایە كورد رۆڵی یەكلاكەرەوەیان هەیە هەم لە كۆبانێ و هەروەها لە عێراقیش، چونكە ئەگەر هەوڵی بڕینی سنوورەكە بدرێت لەگەڵ سووریا، ئەوا تەنها كورد دەتوانێت ئەو كارە بكات، لە سەرەتادا لە رەبیعەوە بۆ شنگال.
لە كۆتایی قسەكانیدا نایت هەروەها گوتی: دوایین شت دەربارەی پێشمەرگە دەڵێم، پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەكەتان بدەمەوە. ئێستا مانگانە 100 ملیۆن دۆلار لە مووچەی پێشمەرگە لەلایەن بەغداوە دەدرێت، كە ئەمەش بەرەوپێشچوونێكی گەورەیە و لە یادمكرد ئاماژەی پێ بكەم. كە ئومێدەكە ئەوەیە ئەمە هەنگاوێكی ئیجابی بێت. بە گەڕانەوە بۆ پرسی هەناردەكردنی نەوت و دابەشكردنی داهات، پێموایە ئەم پایزە كوردەكان مانۆڕیكی سیاسی كارایان ئەنجامدا و سەركەوتووش بوون، چونكە ئەو مشت و مڕە لە نێو كوردەكاندا هەبوو كە دوای گەمارۆی ئابووری بەغدا هەنگاوی داهاتوومان چی دەبێت و چۆن بە بێ داهاتی بەغدا رزگارمان دەبێت، بەڵام لە ئێستادا یەكگرتووییەكی زۆر هەیە لەو پرسەدا.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1005)
