هەر مووسڵاویێک شەڕ بۆ داعش نەکات دەبێ سەرانە بدات.. خەندەق بە دەوری مووسڵ و باشیکدا لی دەدات

 هەر مووسڵاویێک شەڕ بۆ داعش نەکات دەبێ سەرانە بدات.. خەندەق بە دەوری مووسڵ و باشیکدا لی دەدات
بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی14ـی پارتی ڕای‌گەیاند: "تیرۆریستانی داعش خەندەق لە دەوروبەری مووسڵ لێ دەدەن." دەیشڵێت ئەو خەندەقانە کاریگەرییان لەسەر ئازادکرنی ئەو شارە نابێت.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ (سەعید مەموزینی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێستا داعش خەندەق لە دەوروبەری مووسڵ و شارەدێی باشیک لێ دەدات، بەڵام ئەو خەندەقانە کاریگەرییان لەسەر ئازادکرنی ئەو شارە نابێت، چونکە کاتی خۆشی ئەو خەندەقانە هەبووە و ئێستایش تیرۆریستانی داعش نۆژەنی دەکەنەوە، ئەوەش بۆ ترسیان دەگەرێتەوە کە دەزانن ئازادکردنی مووسڵ ئەوەندەی نەماوە."

(سەعید مەموزینی) گوتیشی، "هەر ئەمڕۆیش تیرۆریستانی داعش 30ـی کەسی خەڵکی ئەو شارەیان دەستگیر کردوون و، ماڵ‌بەماڵ گەڕاون بە مەبەستی ئەوەی کە هەر ماڵێک چەند پیاوی تێدایە دەبێت لە دوو کەس یەکیان بە زرۆی لەگەڵ تیرۆریستان بچێتە بەرەکانی شەڕ ئەگینا دەبێت ملیۆن‌ونیوێک بدات، ئەوەی ئەو بڕە پارە نەدات و نەچێتە شەڕ لەگەڵیان، زیندانیی دەکەن، بۆیە ئەو 30 کەسەیان زیندانی کردوون."

(مەموزینی) گوتیشی، "بەپێی زانیاریی ئێمە چەکە گرانەکانی خۆیان دەگوازنەوە بۆ شاری ڕەقەی سووریا، ئەوەش ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە کە فکریان هەیە بەرەو سووریا هەڵبێن."
Top