باشیك.. ئەمیری نوێی داعش و 20 تیرۆریست كوژران
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە و بەرپرسی میحوەری باشیك (حەمید ئەفەندی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، شەوی رابردوو تیرۆریستانی داعش جوڵەیان هەبوو، بەڵام هێزی پێشمەرگە بە هاوكاریی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان وەڵامان دانەوە و بە سەختی بۆردوومانی مۆڵگەكانی داعشیان كرد و زیانی زۆریان پێ گەییشتووە.
(حەمید ئەفەندی) گوتیشی، "بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی بە دەست ئێمە گەیشتوون، ژمارەیەكی زۆر تیرۆریستانی داعش كوژراون كە زیاتر لە 20 تیرۆریستن و یەكێكیشیان ئەمیرە".
بەرپرسی میحوەری باشیك ڕوونیشی كردەوە، ئەو ئەمیرەی كوژراوە ناوی (یەشار ئەنوەر زەینولعابدین)ـە كە بەرپرسی میحوەری باشیكی داعش بووە و تازە رەوانەی ئەو میحوەرە كرابوو و سەرپەرشتیی تیرۆریستانی لەو ناوچەیەدا دەكرد.
(ئەفەندی) راشیگەیاند، "هێزی پێشمەرگە لەوپەڕی ورە بەرزیدایە و تیرۆریستانی داعش ورەیان رووخاوە و ناتوانن جوڵەی سەربازی بكەن، چونكە بۆردوومانیان دەكەین".
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "ئەگەر فەرمانمان پێ بكرێت دەتوانین لە ماوەیەكی كەمدا زۆر شوێنی ستراتیژی كۆنتڕۆڵ بكەینەوە، چونكە داعش ناتوانن خۆیان لەبەر هێزی پێشمەرگە بگرن".
