جنێف. لەكۆبونەوەی سۆشیال دیموكرات داوا دەكرێ گوشار لەسەر كۆمەڵگەی ناودەوڵەتی دروست بكرێ بۆ پشتیوانی كردنی پتری كورد

جنێف. لەكۆبونەوەی سۆشیال دیموكرات داوا دەكرێ گوشار لەسەر كۆمەڵگەی ناودەوڵەتی دروست بكرێ بۆ پشتیوانی كردنی پتری كورد
زیاتر لە 10 پارت و لایەنی سیاسیی كورد لەهەر چوار پارچەی كوردستان، ماوەی دوو رۆژە بەشدارییان لە كۆبونەوەی ساڵانەی رێكخراوی سۆشیال دیموكرات كردووە، نوێنەرانی سەرجەم هێزە سیاسییە كوردستانیەكان بە جیا گوتاریان پێشكەش كردووەو تێیدا داوا لەسۆشیال دیموكرات دەكەن گوشارەكان بۆ سەر كۆمەڵگەی ناودەوڵەتی زیاد بكەن لەپێناو پشتیوانی زیاتری كورد لەشەڕی دژ بە تیرۆرو داعش.
كۆبونەوەی ساڵانەی رێكخراوی سۆشیال دیموكرات دوێنێ (هەینی 12ی تشرینی یەكەم) لەتەڵاری نەتەوە یەكگرتووەكان لە جنێفی پایتەختی سویسرا دەستی پێ كردووەو بڕیار وایە پاش كەمێكی تر كۆتایی پێ بێ.
شەلال گەدۆ سكرتێری حزبی چەپی دیموكراتی لەسوریا كە وەك پارتێكی كوردی رۆژئاوا بەشداریی كۆبونەوەكەی كردووە، لە پەیوەندیەكی تەلەفۆنیدا لە جنێفەوە راگەیاند، ژمارەیەكی زۆری ئەندام لەو رێكخراوەو هەروەها ئەوانەی بیرو بۆچوون و ئایدۆلۆژییان لە سۆشیال دیموكرات نزیكە بەشدارییان تێیدا كردووە، زیاتر لە 10 پارتی سیاسیی، بۆ نمونە لە باشوری كوردستان نوێنەراتی پارتی و یەكێتی و نوێنەری حكومەتی هەرێم، لە رۆژهەلات حزبی دیموكرات و كۆمەڵەو لەرۆژئاواش حزبی چەپی دیموكرات و پەیەدە و چەند پارتێكی تر لە رۆژئاواو باكوری كوردستان بەشدارن.
هەروەها گوتی، هەموو نوێنەرەكان بۆ چەند خولەكێك گوتاریان پێشكەش كردووەو باسیان لەدۆخی ئێستەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و شەڕی داعش كراوە.
گوتیشی، لەناوەڕۆكی كۆی گوتارەكانی نوێنەرانی كورد داوا كراوە سۆشیال دیموكراتیش وەك رێكخراوی ناودەوڵەتی گوشار لەسەر وڵاتانی دنیا بكا بۆ ئەوەی پشتیوانی زیاتری كورد و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكەن.
ئاماژەی دا، بە ولاتانی بەشداربووی كۆبونەوەكەمان راگەیاندووە ئەمڕۆ كوردستان و پێشمەرگە لەبڕی هەموو دنیا شەڕی دژ بە داعش و تیرۆر دەكا، پێویستە ئێوەش پشتیوانیەكانتان لەئاستی گەورەیی ئەو شەڕو روبەربونەوانەی كورد بێ بۆ هێزی پێشمەرگە.
Top