کۆنگرێسی ئەمریکا پارتی و یەکێتیی لە لیستی تیرۆر دەرهێنا
برێت مەکگۆرک، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا رایگەیاندبوو، کە کۆنگرێسی ئەمریکا ناوی پارتی و یەکێتی لە لیستی تیرۆر دەرهێنا.
لە لێدوانێکدا فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەو هەواڵەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، "ئیدارەی ئەمریکا ئێمەی ئاگادارکردەوە، کە کۆنگرێس ناوی پارتی و یەکێتی لە لیستی تیرۆر دەرهێناوە و ناردوویەتی بۆ باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا، بە مەبەستی پەسەندکردنی".
فوئاد حوسێن گوتیشی، پێشبینی دەکەین ئۆباما ئەم پرۆژە یاسایە واژۆبکات.
پێشتر مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رەتیکردەوە سەردانی ئەمریکا بکات، تاوەکو ئەوکاتەی ناوی پارتی و یەکێتی لە لیستی تیرۆر دەردەهێنرێت.
هەروەها بە هۆی ئەوەی پارتی و یەکێتی لە لیستی تیرۆری ئەمریکا بوون، هەر کوردێک سەر بەو دوو حیزبە بووایە، نەیدەتوانی ڤیزای ئەمریکا وەربگرێت.
دوای تەقینەوەکانی 11ـی سێپتێمبەری 2001، ئەمریکا هەموو ئەو حیزب، گرووپ و رێکخراوانەی جیهان، کە لە دژی حکومەتی وڵاتەکەی خۆیان دەجەنگن، خستە بەشی سێیەمی لیستی تیرۆرەوە.
رووداو
